مەلا بەختیار بۆ حکومەت: هەندێکتان لە دوای ڕاپەڕینەوە هاتونەتە دنیای سیاسەتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لە پەیامێکدا مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ئاراستەی سەرۆک و جێگری سەرۆک و کابینەی حکومەتی هەرێمی کردووە، نوسیویەتی:" ڕاستە تەمەنی هیچ بەڕێزێكی كابینەكەتان هێندە نەبووە (جگە لە هەڤاڵ حەمەی حەمەسەعیدو هەڤاڵ شۆڕش ئیسماعیل)، شەرەفی پێشمەرگایەتی (1976)ی "شۆڕشی نوێ" و "شۆڕشی گوڵان" تان پێ ببڕێ. بەڵكو هەندێكتان لەدوای ڕاپەڕینەوە هاتونەتە دونیای سیاسەتەوە. بەڵام دڵنیام، لە ویژدانی خۆتاندا، باش دەركی بایەخی بەرپاكردنی شۆڕش لەو دۆخەدا بەرامبەر فاشیەكان لەدوای خیانەتنامەی 6/ی مارتی جەزائیرو كۆتاییپێهێنانی شۆڕشی 14 ساڵەی ئەیلول، دەكەن!"
لەو پەیامە ئاواڵەیەدا کە ئەمڕۆ 2ی ئەیلولی 2021 لە لاپەرەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، مەلا بەختیار نوسیویەتی:" ئێستا، دەزانم قەیرانی دارایی و ئاستەنگی موچە و فشاری حكومەتی عێراق بۆ بودجە كاریگەریی چەندە. بەڵام تكام وایە، هەر بڕیارێك دەدەن بۆ چاكسازی، باشتر وایە، خراپسازی حكومەتەكان بگرێتەوە، نەك ئەوانەی ڕێزی شكۆمەندترین بڕیاری هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشیان پێ ڕەوا بینراوە. ئەویش لەلایەن جەنابی مام جەلالەوە."
دەقی پەیامەکە:
پەیامێكی ئاواڵە
بۆ بەرگریی لە پێشمەرگەكانی (1976)
بەڕێزان
سەرۆك و جێگری سەرۆك و كابینەی حكومەت
دوای ڕێزی پێشمەرگانەم. پێم خۆشە بەم نامەیە، سەبارەت بە ڕێزلێنانی پێشمەرگەكانی (1976) كە كاتی خۆی جەنابی مام جەلال پەسەندی كردووە، ئاگادارتان بكەمەوە، كە ئەو بڕە هاوكارییەی بۆیان بڕاوەتەوە و ئێستا بڕیوتانە، بە بەهای پێشمەرگایەتی ساڵی (1976) هەرگیز ناپێورێ. بۆیە، لەم پەیامەدا دەڵێم:
ڕاستە تەمەنی هیچ بەڕێزێكی كابینەكەتان هێندە نەبووە (جگە لە هەڤاڵ حەمەی حەمەسەعیدو هەڤاڵ شۆڕش ئیسماعیل)، شەرەفی پێشمەرگایەتی (1976)ی "شۆڕشی نوێ" و "شۆڕشی گوڵان" تان پێ ببڕێ. بەڵكو هەندێكتان لەدوای ڕاپەڕینەوە هاتونەتە دونیای سیاسەتەوە. بەڵام دڵنیام، لە ویژدانی خۆتاندا، باش دەركی بایەخی بەرپاكردنی شۆڕش لەو دۆخەدا بەرامبەر فاشیەكان لەدوای خیانەتنامەی 6/ی مارتی جەزائیرو كۆتاییپێهێنانی شۆڕشی 14 ساڵەی ئەیلول، دەكەن!
ئێستا، دەزانم قەیرانی دارایی و ئاستەنگی موچە و فشاری حكومەتی عێراق بۆ بودجە كاریگەریی چەندە. بەڵام تكام وایە، هەر بڕیارێك دەدەن بۆ چاكسازی، باشتر وایە، خراپسازی حكومەتەكان بگرێتەوە، نەك ئەوانەی ڕێزی شكۆمەندترین بڕیاری هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشیان پێ ڕەوا بینراوە. ئەویش لەلایەن جەنابی مام جەلالەوە.
بۆیە، بەم پەیامە داواتان لێدەكەم، ئەو بڕیارە هەڵوەشێننەوە و مافی ئەم تیكۆشەرانە بگێڕنەوە.
بۆ ئاگاداریشتان، نەك شەرەفی پێشمەرگایەتی (1976)م هەیە، بەڵكو مەفرەزەكانی شارەزور و گەرمیان و قەراغ و بازیان، لەلایەن شەهید ئارامەوە، دروستكردنیان بە بەندە سپێردرا. بەڵام هەرگیز هاوكاری پێشمەرگایەتی (1976)م وەرنەگرتووە. ئێستاش وەریناگرم. بەڵام دەزانم هاوسەنگەرەكانم چەند بەم بڕینەی ئەو ڕێزلێنانە ئازار دەدرێن!!
لەگەڵ ڕێزی دووبارەی پێشمەرگایەتی (1976)م..
مەلا بەختیار
