هەپەگە کوژرانى ١٠ سەربازی تورکیای راگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هەپەگە ڕایگەیاند:" لە هەرێمی تەندورەک چالاکیان ئەنجامداوە، دوو ئەفسەری پسپۆڕیان بە سزا گەیاندوە، لە هەمان هەرێمیشدا ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی داگیرکەران، کەوتوەتە دۆڵێکەوە و بەو هۆیەوە هەشت داگیرکەر مردون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پارستنی گەل (هەپەگە) هەپەگە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: ٢٩ی تەممووز سوپای داگیرکەری تورک، لە دەوروبەری گوندی ناڤرێی هەرێمی تەندورەک-ی ناوچەی بازیکی ئاگری، دەستی بە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاریی کرد. کاتژمێر ٠٢:٣٠ یەکینەیەکی ئۆپەڕاسیۆنەکە لەلایەن هێزەکانمانەوە خرایە ژێر کۆنتڕۆڵ و لە نزیکەوە لێیاندرا، لە چالاکییەکەدا دوو ئەفسەری پسپۆڕ سزادران، داگیرکەران دواتر ویستیان دەستوەردان لە ناوچەکەدا بکەن، بەڵام ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشیان کەوتە ناو دۆڵێکەوە و بەو هۆیەوە هەشت داگیرکەر مردن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە یەکی ئەیلول لەنێوان کاتژمێرەکانی ١٤:٠٠ و ١٧:٠٠ بە چەکی قورس لەسەر گردی سلێمانی ئاڤاشین لە داگیرکەران درا. هەر هەمان ڕۆژ لەنێوان کاتژمێر ٠٨:٠٠ و ٠٨:١٠ سوپای دداگیرکەری تورک، بە گازی ژەهراویی و تەقەمەنیی گۆڕەپانی جیلۆی بچوکی بۆردومان کرد، داگیرکەران دواتر ویستیان پێشڕەوی بکەن، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی هێزەکانمان لە دوو قۆڵەوە بوونەوە، لە ئەنجامدا داگیرکەران بە ناچاریی کشانەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر لە یەکی ئەیلول لەنێوان کاتژمێرەکانی ١٤:٠٠ و ٠٢:٣٠ سوپای داگیرکەری تورک، بە گازی ژەهراویی و حەوت جار بە تەقەمەنیی هێرشی کردە سەر وەرخەلێ.

هەپەگە دەشڵێت:  لە ٢٨ی ئاب سوپای داگیرکەری تورک، لە هەرێمی بەستای شرناخ دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنی داگیرکاریی کرد، لە ئۆپەڕاسیۆنەکەدا گۆڕەپانەکانی مێووشکێ، کۆرتا خانێ، بەستا بلوزەرێ، گرێ فڕنێ، شەهید ئارمانج، خربک و ئاپێ هس بە هەلیکۆپتەر بۆردومان کران. لە ئەنجامدا ئاگر  لە دارستانەکان بەربوو، ئۆپەڕاسیۆنەکەش بەردەوامە. هەروەها لە یەکی ئەیلول لە نێوان کاتژمێرەکانی ٠٧:١٠ و ١٥:١٠ گوندەکانی شیێ و رێدنێی گارەی بە فڕۆكەی شەڕ بۆردومان کران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار