كچانی لوبنان هاشتاگی "بێ مارەیی ژیانی هاوژینیم لەگەڵ پێکبهێنە" راگەیاند
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەمڕۆ كچانی لوبنان لە دژی مارەیی زۆر هاشتاكێكی "بێ مارەیی ژیانی هاوژینیم لەگەڵ پێکبهێنە" ڕاگەیاند.
بەشێک لە کچی لوبنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەڵمەتێکیان بە هاشتاگی "بێ مارەیی ژیانی هاوژینیم لەگەڵ پێکبهێنە" راگەیاندووە؛ هاشتاگەکە لە لوبنان و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی عەرەبیش بووەتە ترێندی سەرەکی.
بە گوێرەی میدیای لوبنانی، ئەو کچە لوبنانییانە هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆئەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بەرز ببێتەوە. ژمارەیەک لە کچانی بەشداربووی هەڵمەتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەی کوڕان لە لوبنان کەم بووەتەوە، چونکە زۆریان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەوان باس لەوە دەکەن کە گرانی، بێ پارەیی و هەژاری وڵاتەکەیانی گرتووەتەوە، ئەوەش باری گەنجان بۆ دابینکردنی مارەیی قورستر دەکات، بۆیە بڕیاریانداوە "بەبێ مارەیی" ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، بۆئەوەی باری کوڕان سووک بێت.
هەڵمەتەکە سەرنجی ژمارەیەکی زۆری کچە لوبنانییەکانی راکێشاوە و پشتیوانییەکی گەورەی لە نێویاندا بەدەستهێناوە، بەتایبەتیش ئەوانەی کە تەمەنیان لە هەڵکشاندایە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لوبنان لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەکان، لەڕووی رێژەی کچان و کوڕانی سەڵتەوە، لە ریزبەندیی یەکەم دێت کە رێژەکە تێیدا دەگاتە 85%.
بیرۆکەکە سنووری لوبنانی تێپەڕاندووە و لە ژمارەیەک وڵاتی دیکەی عەرەبی، بەتایبەتی لە میسر، کچان لە تویتەر دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی هاشتاگی "بەبێ مارەیی، ژیانی هاوژینیم لەگەڵ پێکبهێنە" کردووە.
