"هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی تورکیایە"
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) رایگەیاند:" هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی تورکیایە چونکە ئەوان ئامانجیان ئەوەیە جوڵانەوەی کوردی بەئامانج بگرن و لەناوی بەرن".
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاندوە، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی یە "دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانەکانی تورکیا، چونکە ئەوان دەیانەوێت هێزی سەربەخۆیان (سەر بە تورکیا) دروستبکەن، ئامانجیشیان ئەوەیە جوڵانەوەی کوردی بەئامانج بگرن و لەناوی بەرن، بۆ نمونە سیاسەتی یەکێتی کەپشتیوانیکردن بوو لە جوڵانەوەی کورد و ئەوەش نەدەگونجا لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان، بۆیە هەستان بە ئەنجامدانی کودەتایەکی ناوخۆیی و دروستکردنی ئاژاوەی ناوخۆیی لەناو حزبەکەدا".
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) ئاماژەی بەوەشکردوە: تورکیا لەکێشەکانی ناوخۆی یەکێتیدا هەوڵدەدات پشتیوانی لایەنێک بکات لەسەر حسابی لایەنێکی دیکە، "کە ئەوەش هەڵەیە و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی دەبێت سەرکردەکانی ئەو حزبە خۆیان مامەڵەی تێدابکەن و چارەسەری بکەن، ئێمەش وەک پەیەدە نامانەوێت دەستوەردان بکەین لەم بابەتەدا بەڵام دڵنییاین دەستوەردانی تورکیا وایکردووە چارەسەری کێشەکان ئاڵۆزتربن و کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەر نەکرێن، هەروەها تورکیا کاردەکات بۆ بەگژداچوونی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکانی کوردستان و پێکدادانی نێوانیان".
ئاڵدار خەلیل، جەختی لەوەشكردۆتەوە"پارتی بۆ فرۆشتنی نەوت و بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا پێویستی بە تورکیایە، بۆیە کارەکانی ئەو حزبە بەرەزامەندی تورکیا ئەنجام دەدرێن و بەخواستی تورکیا دەجوڵێتەوە، دەشزانین تورکیا بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێمەی ناوێت، پارتی لەچەندین وێستگەکەدا زیانی بە بەرژەوەندییەکانی کورد گەیاندووە لەوانەش نەپاراستنی ئێزدییەکان و شەڕ دژی گەریلا کە بەخواستی تورکیا مامەڵە دەکات، هەروەها لەرۆژئاوای کوردستان و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیش تورکیا رێگریکرد لەگەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆکان".
