هەپەگە: هێلیکۆپتەرێکی سوپای تورکیامان کردە ئامانج
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هەپەگە ڕایگەیاند:" گەریلاکانی یەژاستار هێلیکۆپتەرێکی جەنگیی سوپای داگیرکەری تورکیان کردە ئامانج و ناچاریان کرد هەرێمی زاپ جێبێڵێت".
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی دژی سوپای داگیرکەری تورک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ٣١ی ئاب، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی بەیانی، لەسەر ڕیگای شەمزینان بۆ گەڤەر، لە جولەمێرگ، هێزەکانمان خاڵێکی کۆنترۆڵی سوپای داگیرکەری تورکیان کردە ئامانج، لەم چالاکییەدا ژمارەیەک داگیرکەر سزادران و برینداربوون.
هەروەها هاتووە: ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی شەو، گەریلاکانی یەژاستار هێلیکۆپتەرێکی جەنگییان لە هەرێمی زاپ کردە ئامانج، دوای ئەوەی گورزی لێوەشێندراو، هێلیکۆپتەرەکە بە ناچاری ناوچەکەی جێهێشت.
لە بەردەوامی هاتووە: ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێوارە، هێزەکانمان لەدژی داگیرکەران لە مەیدانی جیلۆی بچووک، بە چەکی قورس چالاکییان ئەنجامدا و سەرکەوتووانە ئامانجەکەیان پێکا.
لە بەشیکی دیکەدا هاتووە: ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠١:٣٠ بۆ ٠٢:٣٠ خولەکی نیوەشەو، سوپای داگیرکەری تورک بە تەقەمەنیی و چەکی قورس مەیدانی بەرخۆدانی وەرخەلێی کردە ئامانج، دوای ئەوە داگیرکەران ویستیان پێشڕەوی بکەن، بەڵام گەریلاکانمان لە نزیکەوە لێیان هاتنە دەست و ناچاریان بە پاشەکشێی کرد.
ئەمەش هاتووە: ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٦:٥٠ بۆ ٠٩:٠٠ی بەیانی سوپای داگیرکەری تورک جارێکی دیکە تاوانی شەڕیان ئەنجامدا و بە گازی ژەهراوی مەیدانی بەرخۆدانی وەرخەلێیان کردە ئامانج.
ئاماژەش بەوەکراوە کە جموجوڵی فڕۆکە سیخوڕییەکان بەسەر ئاسمانی مەیدانەکانی بەرخۆداندا بەردەوامە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١١:٣٠ بۆ ٠٧:١٠ خولەکی ئێوارە، مەیدانەکانی چەمچۆ، سیدا و گوندی ڕەنجبراخ لە هەرێمی زاپ لە بنکەکانی سەر سنوورەوە تۆپباران کران، لە ئەنجامیدا ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە، کە هێشتاش بەردەوامە.
ئاماژەش بەوەکراوە کە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٨:٤٠ خولەک بۆ ١٠:٠٠ی شەو، هێلیکۆپتەر بەسەر مەیدانی قاشورا لە مەتینادا سووڕاوەتەوە، هاوکات دەوروبەری گوندەکانی دەشیش، ئەدینە، کێستە، سەراڕو و هرور و مەیدانەکانی کۆردینە و قەڵای قومری لە شارەدێی کانی ماسی سەربە ئامێدی بە هێلیکۆپتەری شەڕ بۆردوومان کراون.
هەروەها هاتووە کە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٢:٤٠ بۆ ٠١:٣٠ خولەکی نیەوەشەو، هێلیکۆپتەر بەسەر مەیدانەکانی مەرڤانۆس، تابوری عەرەبان، گردی سۆر، گردی سپی و گردی سلێمان لە هەرێمی ئاڤاشین، سووڕاوەتەوە.
لە کۆتاییشدا هاتووە: ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ بۆ ٠٩:٠٠ی بەیانی، گوندەکانی کەفایا، شێران و ڕێدن لە هەرێمی گارە بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون و لە ئەنجامیدا ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە، کە هێشتاش بەردەوامە.
