ئەمریکا: لەگەڵ تورکیا و قەتەر بۆ کردنەوەی فرۆکەخانەی کابول کاردەکەین
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" بە مەبەستی کردنەوەی فرۆکەخانەی کابول بەزوترین کات، لە نزیکەوە لەگەڵ تورکیا و قەتەر کاردەکەن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ ھەڵسەنگاندنی پرسی ئەفغانستان لە باڵەخانەى وەزارەتی دەرەوەى ئەمريكا ئەنجامدا و رایگەیاند، بە مەبەستی کردنەوەی فرۆکەخانەی کابول بەزوترین کات، لە نزیکەوە لەگەڵ تورکیا و قەتەر کاردەکەن.
بلینکن ئاماژەی بەوە کرد کارەکانی نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەردەوامن و لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا سەردانی قەتەر دەکات و چاوی بەو ئەفغانستانیانەی کە بۆ ئەوێ گوێزراونەتەوە دەکەوێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای دەوحە سەردانی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەکات و لەوێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی 20 وڵات کۆبوونەوەیەک لەسەر پرسی ئەفغانستان ئەنجامدەدەن.
بلینکن وتی، سەبارەت بەو ھاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە ئەفغانستان ماون لەگەڵ تاڵیبان لەسەر هێڵن و رایگەیاند، زۆر گرنگە تاڵیبان پابەندی بەڵێنەکانی بێت لە رێگەدان بەو کەسانەی کە دەیانەوێت وڵاتەکە جێبھێڵن.
رۆژی 29ی ئابی 2021 مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی، "بابەتی فڕۆکەخانەی کابوول بەلامانەوە گرنگە و لە نزیکەوە و چاودێریی دەکەین".
سەربازانی تورکیا لە چوارچێوەی ناتۆ ئەرکی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوولیان پێدرابوو، بەڵام دوای کشانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە، بزووتنەوەی تاڵیبان داوایکرد هێزە بیانییەکان وڵاتەکە جێبهێڵن.
هێزەکانی تورکیاش کەوتنە چوارچێوەی ئەو هێزە بیانییانەی کە بزووتنەوەی تاڵیبان رۆژی 31ی ئابی 2021ی وەک دوایین وادە بۆی دیاریکردبوون تاوەکو ئەفغانستان چۆڵبکەن. ئەمە لەکاتێکدایە سەرەتا بەرپرسانی باڵای تورکیا ئاماژەیان دەکرد هێزەکانیان لە فڕۆکەخانەکە دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان.
هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ تاڵیبان دەکرد، بەڵام زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان گوتی، "دەمانەوێ پەیوەندیی باشمان لەگەڵ تورکیادا هەبێت، بەڵام هێزی بیانیمان لە ئەفغانستان ناوێ. ئێمە پێویستمان بە هێزی بیانی نییە و دوای 31ی ئاب خۆمان ئاسایشی فڕۆکەخانی کابوول دەپارێزین".
تورکیا لە رۆژانی 26 و 27ی ئابی 2021 سەربازانی خۆی له كابوولهوه بۆ ئیسلام ئابادی پایتهختی پاكستان و لەوێشەوە بۆ ئهنقهره گواستەوە.
