بایدن: دەکرێت رێگری بکەین گۆڕانی کەشوهەوا خراپتر نەبێت
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند:" هەڕەشەکە لێرەیە. بارودۆخەکەش باشتر نابێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت خراپتر بێت؟ بەڵێ، بەڵام دەکرێت رێگری بکەین لەوەی خراپتر بێت".
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی هەندێک ناوچەی کرد کە باهۆزی ئایدا زیانی گەورەی پێگەیاندوون، لەوانەش چەند ناوچەیەکی نیوجێرسی و نیویۆرک و چاوی بەو کەسانە کەوت کە بەهۆی باهۆزەکەوە ماڵ و موڵکی خۆیان لەدەستدابوو.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە زاناکان، ئابووریناسان و پسپۆڕانی دیکە هۆشداری لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەدەن و ئێستاش ئەو کاریگەرییانە دەرکەوتوون. بایدن لە نیویۆرک لەو بارەوە وتی: "هەڕەشەکە لێرەیە. بارودۆخەکەش باشتر نابێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت خراپتر بێت؟ بەڵێ، بەڵام دەکرێت رێگری بکەین لەوەی خراپتر بێت".
وتەکەی بایدن لەکاتێکدایە، باهۆز، لافاو و ئاگر لە ماوەی ئەم چەند مانگەی رابردوودا زیانی گەورەیان بە ئەمریکا گەیاندووە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و بەهۆی باهۆزی ئایداوە لانیکەم 50 کەس لە 6 ویلایەتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 27 کەسیان لە ویلایەتی نیوجێرسی و 13 کەسیان لە ویلایەتی نیویۆرک بوون.
ئیدارەی بایدن داوای 1 تریلیۆن دۆلاری کردووە بە مەبەستی بوژاندنەوەی ژێرخانی وڵاتەکەی و چاوەڕێی کۆنگرێسە رەزامەندی لەسەر پێشانبدات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، "دەبێت گوێ بگرین لە زانا و ئابووریناسان و پسپۆڕانی بواری ئاسایشی نیشتمانی. ئەوان پێمان دەڵێن کە ئەم وڵاتە و جیهانیش لەمەترسیدایە. ئەوەی ئەوان دەیڵێن زێدەڕۆیی نییە. ئەوان ماوەی دەیەیەکە پێمان دەڵێن کە ئەم جۆرە کەشوهەوا تووندە لە ساڵانی داهاتوودا تووندتر دەبێت و ئێستاش گەیشتووینەتە ئەو قۆناخەی ئەوان باسیان دەکرد."
