حەلەب لەنێوان ئاگر و ئارامیدا؛ پەیام و چاوسوورکردنەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
شەوی ڕابردوو گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، شایەدی پەرەسەندنێکی مەترسیداری سەربازی و ئاڵۆزیی توند بوون. ئەگەرچی دۆخەکە هێور بووەتەوە، بەڵام ڕووداوەکە فشۆڵیی ئەو لێکتێگیشتن و پەیوەندییە دەردەخات کەلەنێوان هەسەدە و دیمەشقدا هەیە.
پەرەسەندنی مەیدانی و زیانە گیانییەکان
بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاڵۆزییەکانی حەلەب تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ٢٥ کەس. لە نێو قوربانییەکاندا ژنێک لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ژنێکی دیکە و کوڕەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت گیانیان لەدەستداوە. هەروەها برینداربوونی ٢٣ کەسی دیکەی لە ناوچە جیاجیاکانی شارەکە تۆمار کردووە.
گێڕانەوەی لایەنە ناکۆکەکان؛ کێ دەستپێشخەر بوو؟
ئاخین نوجان، بەرپرسی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، لایەنە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەوان بوونەتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕەکە لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی بازگەی "شیحان".
نوجان جەختی کردەوە کە هێزەکانیان لە چوارچێوەی "مافی بەرگری ڕەوا"ـدا وەڵامیان داوەتەوە و ئەوان لایەنگری شەڕ نین، بەڵکو هەوڵی پاراستنی مەدەنییەکان دەدەن.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگری سووریا لە ڕێگەی ئاژانسی "سانا"ـوە ڕایگەیاند: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هێرشی کوتوپڕیان کردووەتە سەر خاڵەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ئەشرەفییە.
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی "هەسەدە" بە توندی ئەو ئیدیعایانەی حکومەتی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە گروپە نامەدەنی و سەرکێشەکان کە ماوەی چوار مانگە گەمارۆی گەڕەکەکانیان داوە، موشەک لە ڕۆژئاوا و باکووری حەلەبەوە ئاراستەی ناو شار دەکەن بۆ نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاسایش.
ڕەهەندی سیاسی و پەیامی دەرەکی
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان.
هەر دوێنێ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی هاوتای سووری کۆبووەوە. هەردوو لا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەیان بەوە کرد کە "هەسەدە ئیرادەی جددی نییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار و تێکەڵبوونیان لەناو سوپای سووریادا."
بەدوای ئەم لێدوانانەدا، ڕووداوەکەی حەلەب ڕوویدا، ئەمەش ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دۆخی حەلەب تەنها ململانێیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە هاوکێشە ئاڵۆزە هەرێمییەکان.
