سوپای پاسداران: نابێت حکومەتی هەرێم ئەو گروپ وحزبانە لە باوەشی خۆی پەروەردە بکات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند:" نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو گرووپانە لە باوەشی خۆی پەروەردە بکات؛ ئێمە بە بەرپرسانی هەرێممان راگەیاندووە کە دەبێت ئەو گرووپانە دەربکرێن".

فەرماندەی لقی پارێزگای ورمێی سوپای پاسداران دەڵێت، داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکەکەی دەربکات و ئاماژە بەوەش دەکات، بێگومان هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی ئەو حزبانە. 

محەممەد تەقی ئۆسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدوشوهەدا کە بە کاریگەرترین لقی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت، دەڵێ: "نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو گرووپانە لە باوەشی خۆی پەروەردە بکات؛ ئێمە بە بەرپرسانی هەرێممان راگەیاندووە کە دەبێت ئەو گرووپانە دەربکرێن".

محەممەد تقی ئۆسانلوو وتی: "بێگومان هێرش دەکەینە سەر ئەو گرووپانە؛ داوا لە خەڵک دەکەم لە بنکەکانیان دوور بکەونەوە".

ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 6-9-2021  محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە و وتی، دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتاییهاتووە و کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی تووندی ئەو چالاکییانە دەداتەوە.

هەمان رۆژ ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران، کە لە چوار پارتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکدێت، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆدا تووشی قەیران بووە و بۆ خۆدزینەوە لە قەیرانەکە، دەیەوێ قەیرانێکی دیکە بخوڵقێنێت. 

ناوەندی هاوکاری داوای لە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە "سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی" کۆماری ئیسلامیی ئێران دابنێن و بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران "هەڵوێست" بگرن.

حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغی جیاوازدا شەڕیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران راگرتووە. کۆمەڵە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا و حیزبی دیموکرات لە ناوەڕاستەکانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا چالاکیە چەکدارییەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران راگرت. 

دواتر پژاک کە ساڵی 2004 دامەزرا، هەندێ چالاکی چەکدارانە و تێکهەڵچوونی لەگەڵ هێزەکانی ئێراندا هەبوو؛ پێکدادانی نێوانیان لە ساڵی 2011 گەیشتە لووتکە، بەڵام هەمان ساڵ هەردوولا ئاگربەستیان راگەیاند.

کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حدکا دەڵێ: "ئێمە شەڕی چەکدارییمان دەستپێنەکردووە و هێرشیشمان نەکردووە، ئەگەر حاڵەتێکیش روویدابێت ئەوە کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکاری بووە".

عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی نووسینگەی سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێرانی بە شەڕی دەروونی ناودەبات و دەڵێ: لە بەرەبەری هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراقدا، ئێران دەیەوێ گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار