مەسرور بارزانی و بەرهەم ساڵح جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەكەنەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق كۆبونەوە و جەختیان لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە.
رۆژی هەینی 17ی ئەیلوولی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیاندا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای دەستوور، کردووەتەوە.
لە تەوەرێكی دیکەی کۆبوونەوەکەیاندا، گفتوگۆیان دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، "پێویستە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات و ببێتە ھۆی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق".
