هادی عامری: لەگەڵ شاندی پارتی جەختمان لە پێکهێنانی خێرای حکوومەت کردەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



هادی عامری و شاندی دانوستانکاری پارتی جەختیان لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە زووترین کاتدا کردەوە. عامری دەڵێت "هیوایەکی زۆرمان هەیە 29ـی ئەم مانگە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن."

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، لە بەغدا کۆبووەوە. 

هادی عامری دوای کۆبوونەوەکە کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بەڕێزان لە پارتی شاندێکیان پێکهێناوە بۆ سەردانی بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن، نەک تەنیا لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، بەڵکوو بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی برای بەڕێزم فازڵ میرانی بوو و سەردانی هەموو لایەنە شیعەکانیان کردووە، ئەمڕۆش سەردانی ئێمەیان کرد."

لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەیان، عامری ئاماژەی بەوە دا "گفتوگۆکانمان لەسەر چۆنیەتیی پێشخستنی عێراق بوو. یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان، پەلەکردن بوو لە پێکهێنانی حکوومەتێکی توانا کە بتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات."

لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح دووپاتی کردەوە "کاندیدی سەرۆک وەزیران بابەتێکی تایبەتە بە چوارچێوەی هەماهەنگی و ئینشائەڵڵا دەگەینە ڕێگەچارەیەک."

عامری جەختی کردەوە، پێویستە سیمای حکوومەتی داهاتووی عێراق بە شێوەیەک بێت "هەمووان تێیدا بەشداربن و هەمووان بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرن. نابێت حکوومەتی ئیمتیازات بێت، بەڵکو حکوومەتی بەرپرسیارێتییە و هەمووان بەرپرسیارێتیی تەواو لە ئەستۆ دەگرن بۆ سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە. سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە، سەرکەوتنە بۆ عێراق و بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق، بە عەرەب و کورد و سوننە و شیعە و کەمینەکانییەوە."

لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت لە وادەی دەستووری خۆیدا، ناوبراو جەختی کردەوە "هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لەوەی فشار لە خۆمان بکەین و ڕێز لە وادە دەستوورییەکان بگرین و پابەند بین پێیانەوە کە دەستوور دیاری کردوون."

لەبارەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ڕوونیکردەوە "دادگای فیدراڵی پێشتر دانیشتنی کراوەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئیتر دانیشتنی کراوە و بەردەوام بوونی نییە. دانیشتنێک دەبێت و دەبێت یەکلایی بکرێتەوە."

عامری گوتی "ئێمە هیوایەکی گەورە و متمانەیەکی زۆرمان بە هەموو برایان هەیە کە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی لە ڕۆژی ٢٩ی مانگدا یەکلایی بکرێنەوە. دوای ئەوەش بابەتی دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنی دێتە پێشەوە. دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کاندیدی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار