یۆنان ڕێكاری نوێ بۆ كۆچبەران دەگرێتەبەر
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
حکومەتی یۆنان رایگهیاند:" هەوڵەکاننمان بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی کۆچبەری نایاسایی بۆ نێو وڵاتەکەی زیاتردەكەین".
ئەمڕۆ ههینی 17ی ئهیلوولی 2021، کریاکۆس میتسۆتاکس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان بەڵێن دەدات، تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی مرۆڤ تێکبشکێنێت کە لەسەر سنووری وڵاتەکەی کار دەکەن و دەشڵێت، هەر کارێک لە بەرژەوەندیی یۆنان بێت دەیکات، تەنانەت ئەگەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەوروپاش لەگەڵی هاوڕا نەبن.
سەرۆکوەزیرانی یۆنان ئاماژەی بەوەش کرد، "یۆنان بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی ستراتیژییەکی کارای پاراستنی سنوور و لە داهاتووشدا بە شێوەیەکی سیستەماتیک کار لەسەر ئەوە دەکات. ئێمە لێشاوی کۆچبەرانمان بە رێژەی 90% بەراورد بە ساڵی 2019 کەمکردووەتەوە و ژیانی زۆر کەسیشمان لە دەریادا رزگارکردووە".
زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە یۆنان، خواستی ئەوەیان نییە لەو وڵاتەدا بمێننەوە و خۆیان دەگەیێننە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا، لەوانەش بەریتانیا. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەریتانیا رەخنە لە فەرەنسا بگرێت و بەوە تۆمەتباری بکات کە کاری پێویست ناکات بۆئەوەی رێگە بە چوونی کۆچبەران بۆ سەر سنووری وڵاتەکەی بگرێت.
بۆسنیاش یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی کۆچبەرێکی زۆر تێیدا گیریانخواردووە. پۆلیسی کرواتیا رێوشوێنی تووندی گرتووەتەبەر بە مەبەستی رێگەنەدان بە کۆچبەران بۆ چوونە نێو وڵاتەکەی. رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤیش لەو وڵاتە لە دۆخی کۆچبەران نیگەرانن و داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر یارمەتییان بدات.
ئاڵما موجاکیک، کارمەندی هاوکاریی مرۆیی بۆسنیا دەڵێت، "زۆر ژن لێرە هەن؛ ژنی دووگیان، ژنی بەتەمەن و زۆر منداڵیش لێرەن. بە زۆری هەموویان باس لە ئەزموونی خراپیی خۆیان دەکەن. 90%ی ئەم خەڵکە خەڵکی ئەفغانستانن و بارودۆخەکە لە وڵاتەکەشیان خراپە، وەکو خۆت دەزانیت".
دۆخی کۆچبەران، بەتایبەتی لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی سنووری ئەو یەکێتییە ئەمڕۆ لە ئەسینای پایتەختی یۆنان تاوتوێ دەکرێت. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 19 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و زیاتر لە 12 هەزار کۆچبەریش گەیشتوونەتە یۆنان. بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپاش دەڵێن، دوو لەسەر سێی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە ئەوروپا، مەرجی پێدانی مافی پەنابەری نایانگرێتەوە.
