رێککەوتنی سوپای عێراق و پێشمەرگە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جەخت لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق كراوە و . هێزەکانی ئەمریکا بەڵێنیان دایەوە کە ئەو دوو لیوایە پڕچەک بکەن و هاوکاربن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانیان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی پێنجشەممە 16-9-2021 و لە بارەگای فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە بەغدا، لیژنەی باڵای ئەمنی و سەربازی نێوان عێراق و ئەمریکا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، سوپاسالاری عێراق و جەنەڕال جۆن برینان لە سوپای ئەمریکا و بە ئامادەبوونی عەمید روکن هەژار عومەر ئیسماعیل، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند پرسێک کرا، لەوانەش دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. هێزەکانی ئەمریکا بەڵێنیان دایەوە کە ئەو دوو لیوایە پڕچەک بکەن و هاوکاربن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانیان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەنگاوەکانی گواستنەوەی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرا کە بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەرکی ئەو هێزانە لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ هێزی پاڵپشت، راوێژکار و راهێنەر بگۆڕدرێت.
تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنیی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و بڕیاریش درا کە لیژنەی باڵای ئەمنی و سەربازیی تایبەت بە دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا مانگانە کۆببێتەوە.
هاوكات لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو ناوچانەدا کە هیچ هێزێکی ئەمنی لێ نەبوو، ناوەندەکانی هەماهەنگی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە کارکردن کردوە، ئەوەش بەئامانجی رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئەو ناوچانە لەلایەن چەکدارانی داعش و گروپە تیرۆرستییەکانی دیکە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، هەماهەنگی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی کاری هاوبەشدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، هەروەها لەو ناوچانەدا هێزە هاوبەشەکان لەژێر چاودێری حکومەتی عێراقدا دەبن.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان باسی لەوەشکردوە، هیچ بەرنامەیەک بوونی نیە بۆ دووبارە داڕشتنی پلانی بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان، بەڵکو هێڵی جیاکەرەوە و پێگەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەهەمان شوێنی پێشوودا دەمێننەوە.
بەرپرسانی هەردوو لیوای 1 و لیوای 2ی پێشمەرگە لە سنوری کەرکوک لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کۆبونەتەوە و لەسەر ئەو شوێنانە ڕێککەوتون کە سەنگەری هاوبەشی تێدا دروست دەکرێت.
هێزە هاوبەشەکە پێکدێت لە سوپای عێراق بەڕێژەی 50% و هێزەکانی پێشمەرگەش لە 50%ی هێزەکان پێکدەهێنن.
پەیوەست بەم بابەتەش 15ی ئەیلول نوێنەرانی هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە کەرکوک راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ، لەئێستادا ژمارەیەک لایەن بۆ رێککەوتنی سیاسی و بەناوی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ پارێزگای کەرکوک و ئەو هەنگاوەش "جێگەی نیگەرانییە و رەتیدەکەینەوە".
