قوباد تاڵەبانی هەزار هەلی كار ڕادەگەیەنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

 ئەمڕۆ بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی کارگەی ئاردی سلێمانی لە سنوری بازیان دەکرێتەوە كە زیاتر لە هەزار هەلی كار دەرەخسێنێت. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:" ئەم پڕۆژەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەگەر حکومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن دەکرێت لەماوەیەکی کوردتدا پێکەوە دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێن".

ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021  نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی بە‌ئامادە‌بونی هەریەکە لە وە‌زیرانی دارایی و ئابوری، كشتوكاڵ و سە‌رچاوە‌كانی ئاو، كارگە‌ی بە‌رھە‌مھێنانی ئارد لە سنوری بازیان دەکاتەوە، كە‌ لە‌چوارچێوە‌ی پڕۆژە‌ی نیشتمانی بە‌بازاڕكردنی گە‌نمی جوتیارانە‌‌".

قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ لەمیانی وتارێکدا لەمەراسیمی کردنەوەی کارگەی ئاردی سلێمانی لە سنوری بازیان رایگەیاند، "لەماوەی رابردودا بەهۆی نرخی دراو و کێشەی هاوردەکردن نرخی ئارد بەرزبوەوە، ئەمەش نیگەرانی زۆری هاوڵاتیانی لێکەوتەوە، دەستخۆشی لەو لایەنانە دەکەم کە توانیان بە زویی چارەسەری بەرزبونەوەی نرخی ئارد و نان بکەن، بەڵام ئەم کێشەیە وەکو هەمو کێشەکانی تر پێویستی بە چارەسەری کۆتایی هەیە کە ئێمە بەرلەوە هەنگاومان بۆ نابو، ئێستاش ئەنجامەکەی دەبینین کە کردنەوەی کارگەی ئاردە لە پڕۆژە نیشتیمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، بڕیارنەبو ئەم پڕۆژەیە بەم نزیکانە تەواوببێت، بەڵام دوای بەرزبونەوەی نرخی ئارد ئێمە لە حکومەت، وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆمپانیای قەیوان و هەمولایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە هەمو هەوڵێکمان خستەگەڕ لانیکەی کارگەی ئاردی ناو پڕۆژەکە بە زوترین کات تەواوبکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەگەر حکومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن دەکرێت لەماوەیەکی کوردتدا پێکەوە دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنن، تەنها بەتەواوکردنی ئەم بەشەی پڕۆژەکە کە کارگەی ئاردە توانراوە 400 هەلی کار دابینبکرێت، بە تەواوبونی کۆی پڕۆژەکەش لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا پێنج هەزار هەلی کاری تر راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێت، ئەمە جگە لەوەی کە جوتیاران چیتر نیگەرانی ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنم نابن و چیتر چاو لە دەستی بەغدا نابن".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، "هەموتان دەزانن لەدو ساڵی رابردودا چەند باسی هەلی کارم کردوە، ئاگاداری گلەیی و رەخنەکانیشم کە هێشتا بەشێکی هاوڵاتیان پێیان وایە، کە هەر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئێمە باسی هەلی کار دەکەین و بە کردار هیچ وانەکراوە، بەڵام ئەوەی راستی بێت یەکێک لە بنە سەرەکییەکانی هەر پلان و پڕۆژەیەکی ئابوری کابینەی نۆیەم رەخساندنی هەلی کارە،  بۆ ئەمەش لەماوەی دو ساڵی رابردودا کاری زۆر باش کراوە و بە بەڵگە و داتا دەیسەلمێنین لەگەڵ تەواوبونی وادەی ئەم خولەی کابینەکە زۆر زیاتر هەلی کارمان رەخساندوە لەچاو ئەو بەڵێنانەی کە داومانە، دڵنیاتان دەکەم کۆڵنادەین و خۆشگوزەرانی بۆ هەمو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان فەراهەم دەکەین".

ئەوەشی خستەڕو، لەماوەی دو ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمدا مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 860 پڕۆژەی گەورە، مامناوەند و بچوک دراوە، کە سەرجەمیان زیاتر لە 48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێـت، هەندێکیان تەواوبون و لەماوەیەکی نزیکیشدا لەم دو ساڵەدا تەواو دەبن، کارگەی ئاردی بازیان یەکێک لەو پڕۆژانە، کە پێنج هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، "هەمو لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە ئێمە خەریکە دەکەوینە سەر رێگا راستەکەی حوکمڕانی، بەو متمانەی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت دروستبوە، بەو چاکسازییانەی کە دەستمان پێکردوە بۆ نەهێشتنی رۆتین و دەستتێوەردان لە بازاڕ و کاری بازگانی و نەهێشتنی مافیا گەری و سەرانە وەرگرتن، بەو کارئاسانییە کە لەمەودوا بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەران دەیکەین بە دڵنیاییەوە لەداهاتودا پڕۆژەی گەورە و زیاتر جێبەجێ دەکرێت کە هەمو ئەمانەش هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنن و ئابوریەکەمان هەمە جۆر دەکات".

کارگەکە، گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لەو رێگەیەوە گەنمی ناوخۆی جوتیاران ساغ دەکرێتەوە، ئەوەش پێداویستی ھاوردەکردنی ئارد لە وڵاتانی دراوسێوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

پرۆژەکەی کارگەی ئاردی سلێمانی یەکێکە لەو 13 کارگەیەی كەپێشتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان،رایگەیاند و لە رێگەیەوە ھەزاران ھەلی کار دابین دەکرێن و خەرجی رۆژانەی ھاوڵاتیانیش کەم دەکاتەوە.

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار