هێزە چەکدارەکانی ئێران: هێرشەكان لەهەرێمی كوردستان بەربڵاوتر دەكەین
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند:" حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانمان لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا هێرشەکان بەربڵاوتر دەبن".
محەممەد حوسێن باقری کە ئەمڕۆ 19-09-2021 لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی، عەزیز نەسیرزادە، وەک جێگری سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران قسەی دەکرد، بە ئاماژە بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وتی: ئەوان لە یەک ساڵی رابردوودا بە دنەدانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چالاکییەکانیان پەرەپێداوە و جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامی "ئەم سەربزێوییانە تەحەمول ناکات".
محەممەد حوسێن باقری، سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران وتی:" لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی زەرەر و زیانی گیانی لێنەکەوێتەوە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا هێرشەکان بەربڵاوتر دەبن.
سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەی کرد کە سوپای پاسداران "دامودەزگای ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لەنێو دەبات و ئۆپەراسیۆنەکانی دوو هەفتەی رابردوو، بەردەوام دەبێت" و ئەمەشی بە مافی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قەڵەمدا.
سوپای پاسداران رۆژی 08-09-2021 دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و تاوەکو دوو رۆژ لەمەوبەر ناوبەناوە بەردەوام بووە.
دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەربە حدکا رۆژی 13-09-2021 بڵاوی کردەوە، تۆپبارانەکانی زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ژیان و ماڵی خەڵک زەرەری بەرکەوتووە.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیدەکەنەوە هیچ وڵات و لایەنێک هاوکارییان بکات یان چالاکی بکەن و هاوکات دەڵێن، ئەوان کارێک ناکەن کە بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە. ئەوان کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن کە بە بیانووی جۆراوجۆرە دەیەوێ گوشار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێنێت.
محەممەد حوسێن باقری وتوویەتی: "بە بەرپرسانی هەرێمی باکووری عێراق و بەرپرسانی حکومەتی عێراقمان گوتووە کە دامودەزگای ئەم گرووپە تیرۆریستییانە کۆبکەنەوە و رێگە لە چالاکییەکانیان بگرن.. بەڵام بوونی ئەمانە و سەربزێوییەکانیان بەردەوام بووە و ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانیان درێژە و پەرەی پێبدەن، لەنێویان دەبەین تاوەکو بەتەواوەتی دامودەزگایان کۆبکەنەوە و بڕۆن".
محەممەد حوسێن باقری دەڵێ: لە هێرشەکانی دوو هەفتەی رابردوودا بنکەی فەرماندەیی ئەم گرووپانەمان کردە ئامانج و پێش ئۆپەراسیۆنەکە ئەوانمان لە هێرشەکان ئاگادار دەکرد بۆ ئەوە قوربانی لێنەکەوێتەوە.
ئەو هەڕەشە دەکات کە ئەگەر چالاکیی ئەو حیزبانە بەردەوام بێت، روبەڕوی چالاکیی بەربڵاوتری کۆماری ئیسلامی دەبنەوە.
هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران دژی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی 10-08-2021 دەستیپێکرد، کاتێک کە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئەو حزبانە کە هەرێمی کوردستان دەربکرێن بۆ ئەوەی ئێران دژیان "کردەی دەستپێشخەرانە" ئەنجام نەدات.
لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و جارێکی دیکەش عەلی شەمخانی لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڕەشەیان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و داوای دەرکردنی ئەوانیان کرد.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی 13-09-2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "لە کۆبوونەوە فەرمی و نافەرمییەکاندا ئەوەمان بە گوێی بەرپرسانی عێراقیدا هێناوە کە خاکی عێراق نابێت لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە کەڵکی لێوەربگیرێت".
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 07.09.2021 داوای لە وڵاتانی دەوروبەر کرد رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و وتی: لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی تەنگەژە و گرفتەکان لە ناوچەکە کەمببنەوە، هەروەها پشتگیری لە زمانی دیالۆگ دەکەن لە نێوان هەموو لایەنە ناکۆکەکان و هەوڵ دەدەین کێشە دروست نەبێت.
