نێچیرڤان بارزانی: دەبێت کۆڵەکەیەکی گرنگی پەروەردەیی ئەوەبێت مرۆڤ بنیات بنێت
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" سیستمی پەروەردە پێویستی بە چاککردن و چاکسازی هەیە، بە شێوەیەک لەگەڵ پێوەرە زانستی و ستانداردە جیهانییەکانی ئەمڕۆی پەروەردە و خوێندندا بگونجێت". دەڵێت:" دەبێت کۆڵەکەیەکی گرنگی پەروەردەیی ئەوەبێت کەمرۆڤ بنیات بنێین مرۆڤ سازی بکەین".
ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی پەروەردەیی لە دهۆک رایگەیاند:" "بەلای منەوە ئەو کۆنفرانسە ئەوەندە گرنگ بوو، لە گەشت بووم هەموو جەختم لەسەر ئەوەبوو کە چۆن بتوانم لەکاتی خۆیدا بگەمە ئەو کۆنفرانسە، هەموو شتێکم کرد بۆ ئەوەی بەشداری لەم کۆنفرانسەدا بکەم."
ئەو کۆنفرانسە وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کرد، "بابەتێکی زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئێستا و داهاتووی نەوەکانمان، پێکەوە کۆمان دەکاتەوە." وتیشی، سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، "پێویستی بە چاککردن و چاکسازی هەیە، بە شێوەیەک لەگەڵ پێوەرە زانستی و ستانداردە جیهانییەکانی ئەمڕۆی پەروەردە و خوێندندا بگونجێت و بتوانێت تەبا و هاوشانی ئەو پێشکەوتنە خێرایانەبێت کە رۆژانە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دێنە پێش."
نێچیرڤان بارزانی وتی، زانست و تەکنەلۆژجیا هێندە خێرا پێشدەکەون، ئەگەر بەخۆمان نەکەوین و هەوڵ نەدەین لەگەڵیان بڕۆین، دەمێنینەوە. "خراپیش دەمێنینەوە." هەر ئەو پێشکەوتنانەش، چەمک، بەهاو تێگەیشتنی نوێ لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ دروست دەکەن.
پێشکەوتن و پەرەسەندنەکان ئەوەندە خێران، بە وتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "روون و رەوانە کە ئێمە چیتر ناتوانین و ناکرێت دەست بە شێواز و میتۆدی کۆنی پەروەردە و فێرکردنەوە بگرین و لەسەری بەردەوام بین. تا رۆژێک زووترە بکەوینە خۆ و دەست بە چاککردن و چاکسازی لە سیستمی پەروەردە بکەین، ئەوەندە زووتر دەگەینە کاروانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان لە جیهاندا و ئەوەندە شوێن و پێگەی باشتر لە داهاتووی نزیک و دووردا بۆ وڵاتەکەمان دەستەبەر دەکەین."
هەر لە باسی پێشکەوتنەکاندا، نێچیرڤان بارزانی وتی، پیشە و شارەزایی 20 یان 30 ساڵ لەمەوبەر لەوانەیە ئێستا هەمان رۆڵ لە ژیانی زۆر کەس لە ئێمەدا نەبینێت، "ئەمە پرۆسەیەکی سرووشتیی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە. پرۆسەی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕەییەکانمان واتای باوەڕ بەخۆبوونی ئێمە دەگەیێنێت، واتە وەک حکومەت و وەزارەت، بەرپرس و پەیوەندیدار، وەکو گەل و تاکی ئەم نیشتمانە لەگەڵ خۆماندا راستگۆ دەبین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نموونەی هیندستانی هێنایەوە و پرسی، بۆچی خەڵکی هیندستان، چین، کۆریای باشوور بە نموونە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا سەرکەوتووانە لە وڵاتی خۆیان و لە ئەوروپا و ئەمریکا سەردەستی تەکنەلۆژیا زانست، بازرگانی، سەرمایەداری، داهێنان، جوانکاری و جوانخوازین؟ وڵاتێکی وەک هیندستان بە نموونە سەرباری مێژوویێکی درێژی هێرشی دەرەکی و دابەشبوون و کەمدەرامەتی و هەژاری و زۆری ژمارەی دانیشتووانی، پاش چەند ساڵ تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بەردەوام، هەنگاوی زۆر گەورەی هەڵنا. ئێستا کەم کۆمپانیای جیهانی هەن کە شارەزاو پسپۆری هیندیان تێدا نەبێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "هۆی سەرەکی دەستپێکی ئەو سەرکەوتنە گۆڕانکاریی بنەڕەتی و سەردەمیانەی سیستمی پەروەردە بووە لە هەموو ئاست و قۆناغەکاندا. حکومەتی هیندستان بە هاوکاری نێودەوڵەتی و کادری خۆماڵی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەن و ئاستی پێویست، پرۆسەی چاککردن و چاکسازی کردە مۆرکی سەرهەڵدانەوەی توانای وڵاتەکەیان. هەمان پرۆسە لە کۆریای باشوور، سەنگاپوور، چین، فینلاند، شانشینی ئوردن، رواندا و چەندین وڵاتی دیکە دووبارە بووەتەوە."
