بڵێسە جەبار فەرمان: ھەڵبژاردن لە سیستەمێکی چەقبەستودا دیموکراسیی نییە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بڵێسە جەبار فەرمان رایگەیاند:" ئەوەی لە عێراق و ناوچەکە دەگوزەرێت بانگەشەکردنى دیموکراسییە، نەک بوونى دیموکراسیەت چونكە لە ٧٠٪ی ئەندامانى ئێستای پەرلەمانى عێراق خۆیان کاندیدکردووتەووە و دیسانەوە داوای متمانە لە ھاوڵاتیان دەکەنەوە".
ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینێکدا لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک ئاماژەى بەوەکردووە، ئەوەی لە عێراق و ناوچەکە دەگوزەرێت بانگەشەکردنى دیموکراسییە، نەک بوونى دیموکراسیەت ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە سیستەمێکی چەقبەستوودا بە واتای دیموکراسیی نایەت، چونکە لە ٧٠٪ ی ئێستای ئەندامانى پەرلەمان خۆیان کاندیدکردووەتەوە و دیسان داوای متمانە لە ھاوڵاتیان دەکەنەوە.
هەروەها، بڵێسە جەبار فەرمان وتوشیەتى، پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ ئەندام پێکدێت و زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەم خولەى ئێستا دوو خولە ئەندامی پەرلەمانن و ٢٠ ى دیکەش سێ خولە ئەندامی پەرلەمانن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەش داوە، ١٦ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولەى ئێستا لە پێشووتردا وەزیربوون لە کابینە جیاجیاکانی حکومەتدا و زیاتر لە ٢٠ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولەش پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوون و چوار پەرلەمانتاریش پێشتر پارێزگاربوون.
لە بەشێکى دیکەى نووسینەکەیدا ئەو ئەندامەى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، عیراق لە نێو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە و باڵادەستەکانی ناو پارتە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕبە کورسیەکانیان دەکەن لەنێو ئەو بازنە داخراوەدا.
لە پاش ساڵى ٢٠٠٥-ەوە هەتا ئێستا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق چوار هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئەنجامداوە، کە بەمشێوەیەن لە ساڵەکانى ٢٠٠٥ و ٢٠١٠ و ٢٠١٤ و ٢٠١٨ دا بەڕێوەچوون و ئەم هەڵبژاردنەى لە ڕۆژى ١٠ – ١٠ -٢٠٢١، ئەنجام دەدرێت دەبێتە پێنجەم هەڵبژاردنى پەرلەمان لە دوایی ڕووخانى ڕژێمى بەعس.
