ئێران: لە ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی دادگایی بكوژانی دەكەین
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند:" لەگەڵ نزیکبوونەوەی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەگەری هەیە دادگای تایبەت بە دۆسیەی کوژرانی سلێمانی بەڕێوەبچێت".
بەوتەی سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو دادگایە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێران و بە دیاریکردنی دادوەرێکی تایبەت لە لایەن ئەو دەزگایەوە، بەڕێوەدەچێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی ئێران لە یەکەمین رۆژی دەستبەکاربوونیدا، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی وەک، دەسەلاتی دادوەری، فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و چەندین بەرپرسی وەزارەتی دەرەوە کردووە تێیدا جەختی لە بەڕێوەچوونی ئەو دادگایە کردووە.
خەتیبزادە دەڵێت؛ دۆسیەیەکی چەند سەد لاپەڕەیی سەبارەت بە قاسم سولەیمانی ئامادەکراوە و بڕیارە لە نێوخۆی ئێران، چەندین سکاڵا دژی تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە تۆماربکرێن و هەوڵدەدرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا لە رێگە یاساییەکانەوە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە و بکوژانی قاسم سلێمانی بکرێت.
خەتیبزادە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە لە چ رێگەیەکی نێودەوڵەتییەوە بەدواداچوون بۆ کەیسی کوژرانی قاسم سلێمانی دەکرێت.
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، نیوەشەوی 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
