بەریتانیا داوای 100 ملیار دۆلار بۆ سندوقی ئاووهەوا دەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا داوای لە وڵاتانی خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهان كرد بەڵێنەكانیان بۆ پێشكەشكردنی 100 ملیار دۆلار بە سندوقی ئاووهەوا بەرنەسەر بە مەبەستی هاوكاریكردنی ئەو وڵاتانەی لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاووهەوادا لە گەشەسەندندان.
بەریتانیا كە میوانداری كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانكاری ئاووهەوا دەكات كە ئەمساڵ لە مانگی تشرینی دووەمدا لە شاری گلاسكۆ لە سكۆتلاند بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی خولی حەفتا و شەشەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ''لووتكەی ئاووهەوا''ی ساز كرد.
دوای لووتكەكە كە تیایدا سەركردەكانی جیهان لە بەشێوەیەكی داخراو كۆبوونەوە، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، زۆرێك لە وڵاتان بەڵێنەكانیان نەبردووەتە سەر كە پێشتر دابوویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاووهەوا.
بۆریس جۆنسۆن داوای لە وڵاتانی خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهان كرد بەڵێنەكانیان بۆ پێشكەشكردنی 100 ملیار دۆلار بە سندوقی ئاووهەوا بەرنەسەر بە مەبەستی هاوكاریكردنی ئەو وڵاتانەی لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاووهەوادا لە گەشەسەندندان.
هاوكات سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لەوەكرد، پێویستە وڵاتانی پێشكەوتوو بە تایبەتی وڵاتانی G20 پێشەنگ بن لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكاری ئاووهەوادا.
پەیماننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر گۆڕانی ئاووهەوا لە دوایین راپۆرتیدا باسی لەوە كردووە كە زۆر دوورن لە گەیشتن بە ئامانجی هێشتنەوەی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەسەر گۆی زەوی لە خوار دوو پلەی سەدی كە لە رێككەوتنی ئاووهەوای پاریسدا ئاماژەی پێ كراوە، ئەوەش خراوەتەڕوو كە تا ٢٠٢٣ دەرچوونی غازی سەوز سەدا ١٦ بەرز دەبێتەوە.
گوتێرێس دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە هۆشداری دا و رایگەیاند ''جیهان لەسەر رێگای كارەساتێكە بەرەو بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما كە ٢،٧ پلەی سەدیە''.
لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئاووهەوای پاریسدا، نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە وڵاتان دەكات تا ساڵی ٢٠٥٠ دەردانی كاربۆن لە سەرانسەری جیهاندا دابەزێنن بۆ سفر بەو ئامانجەی بتوانرێت بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای سەر زەوی لە خوار دوو پلەی سەدییەوە راگرن.
