مەسرور بارزانی پڕۆژەی فڕۆكەخانەی دهۆك بەسەر دەكاتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لە کابینەکانی پێشتر بڕیار درابوو ئەم فڕۆکەخانەیە دروست بکرێت و بڕێک بودجەشی بۆ تەرخانکرابوو، کارێکی کەمیشی لەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر قەیرانی ئابووری نەتواندرا تەواو بکرێت".
ئهمڕۆ سێشهممه 21ی ئهیلوولی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان شوێنی پرۆژەکە و نەخشە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکەی بەسەرکردەوە کە پرۆژەیەکی ستراتیجییە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گەشتکردنی هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆک و بەستنەوەی بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراق و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوە دەکات.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کردووە کە "هاتووینەتە ئێرە بۆ سەردانی فڕۆکەخانەی دهۆک لە قەزای سێمێل، کە لە کابینەکانی پێشتر بڕیار درابوو ئەم فڕۆکەخانەیە دروست بکرێت و بڕێک بودجەشی بۆ تەرخانکرابوو، کارێکی کەمیشی لەسەر کراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر قەیرانی ئابووری نەتواندرا تەواو بکرێت."
فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 2013 کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە و بڕی130 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "سەردانی ئێمە ئەمڕۆ بۆ ئەوەیە، پێداچوونەوەیەک بەم پرۆژەیە و بەو گرێبەستانەی کراون بکەین، تاوەکو جارێکی دیکە دەست بکەینەوە بە دروستکردنی ئەم فرۆکەخانەیە کە گرنگە بۆ دهۆک و دەوروبەریش... ئەگەر خودا هاوکار بێت، دوای دیراسەکردنێکی جیددی کە دەستیپێکردووە، پرۆژەکە ئامادە دەکەین، تاوەکو ئەم فرۆکەخانەیە بە زووترین کات دەست بەکاربێت و بنیات بنرێت."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردووە، کاتی دەستپێکردنی پرۆژەکە "لە ماوەیەکی نزیکدا" دەبێت. هاوکات رەنگە "هەندێک گۆڕانکاریشی تێدا بکەین."
