سوپای پاسداران بۆ حزبە ڕۆژهەڵاتیەكان: بنکەكانتان لەگەڵ زەویدا تەخت دەکەین
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا لقی سوپای پاسداران رایگهیاند: "ئەگەر پێویست بکات بنکەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ زەویدا تەخت دەکەین".
ئهمڕۆ سێشهممه 21ی ئهیلوولی 2021 محەممەد تەقی ئۆسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای ورمێ لە رێوڕەسمێکدا لە ورمێ رایگهیاند: "ئەگەر پێویست بکات بنکەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ زەویدا تەخت دەکەین".
محەممەد تەقی ئۆسانلوو دەڵێت: هۆشداریمان بە "دژبەرانی شۆڕش" داوە کە "زۆر خێراتر ناوچەکە جێبێڵن، ئەگینا وەڵامێکی لێبڕاوانە بە گرووپە تیرۆریستی و دژەشۆڕشەکان دەدەینەوە، هیچ جیاوازیشی نییە لە هەر کوێ بن".
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی سیاسی، ئەمنی و سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و هەروەها داوایان لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە دەریانبکەن.
فەرماندەی لقی ورمێی سوپای پاسدارن وتی: "بە هەوڵی پسپۆڕانی ئێرانی توانراوە مووشەکی زیرەک بەرهەمبێت".
لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا سوپای پاسداران چەند جارێک ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کە بنکەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێیە بۆردوومان و تۆپباران کردووە، بەڵام کوژراو و برینداری نەبووە.
سوپای پاسداران لە هێرشەکانیدا کەڵکی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراویش وەرگرت. بەپێی ئەو وێنانەی کە دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەربە حدکا بڵاوی کردەوە، بەشێک لە کەلوپەلی سەرەکیی درۆنەکان دروستکراوی وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا و چین بوون.
پەیوەندی نێودەوڵەتییەکان حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رۆژی 19-9-2021 لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ئەمریکا، چین، بەریتانیا و پۆڵۆنیا ناڕەزایەتی لەوە دەربڕی کە سەرەڕای گەمارۆکان کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن توانیویەتی دەستی بە کەلوپەلی هەستیاری ئەوان بۆ دروستکردنی درۆن رابگات.
محەممەد حوسین باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش پێشتر وتویەتی "گرووپە دژبەرەکان نابێت لە هەرێمی کوردستاندا بنکەی راهێنان، رادیۆ و تەلەفزیۆن و کەمپیان هەبێت و کۆنگرە بکەن".
عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، 12-9-2021 لە کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران، چالاکی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەجێی نیگەرانی لە قەڵەمدا و داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" ئەو حزبانەی لە هەرێمی کوردستان کرد.
حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەی ئێران وەک نیگەرانی باسی دەکات، رەتیدەکەنەوە و دەڵێن، ئێران بە بیانووی ئەوانەوە دەیەوێ گوشار بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێنێت.
ئەو حزبانە رەتیدەکەنەوە لە هەرێمی کوردستانەوە پێشمەرگە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بنێرنەوە و نائەمنی لە ناوچە سنوورییەکاندا دروست بکەن.
