وەزیری ناوخۆ: یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان ماون
"پێویستە حكومەتی فیدڕاڵ و وڵاتان و نەتەوەیەكگرتووەكان یارمەتی هەرێم بدەن بۆ ئەوەی ئەركەكانمان جێبەجێ بكەین"
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی و سووری رویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئێستا یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر تا ئێستا لە كوردستان ماون".
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئهیلوولی 2021، بەئامادەبوونی ژمارەیەك وەزیری حكومەتی هەرێم و پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی پڕۆژەی سەنتەری تۆماركردنی ئاواره و پەنابەران، دانرا.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەساڵی 2014، دوو ملیۆن ئاوارەی عیراقی و سووری روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كە یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر تا ئێستا لە كوردستان ماون، كە جێی داخە بەهۆی خراپی باردودۆخی ئەمنی ناوچەكانیان، ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە.
وتیشی:" هیوادارین ئاسایشی ئەو شوێنانە بەرقەرار بن، بۆ ئەوەی تەواوی ئاوارە و پەنابەرەكان ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە شوێن و پێگەی خۆیان، كە بەهاوكاری رێكخراوەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان، هان بدرێن، بگەڕێنەوه."
وەزیری ناوخری هەرێم روونیكردەوە:" تا یەك ئاوارە رازی بێت لەم كەمپانە ژیان بەسەر ببات، دەرگای كەمپەكان داناخەین، كە تا ئێستا (250) هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی كوردستان ژیان بەسەر دەبەن، بەهیواین ئەوانیش بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە یارمەتیان بدات تاوەكو بگەڕێنەوە، كە ماوەیەكە هەست بەوە دەكرێت وڵاتانی كۆمەك بەخش بە رەچاوكردنی دۆخی بلاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا لەبەرچاو گرتنی دۆخی ئابووری و هاوكاری هەرێمی كوردستان ناكەن."
جەختیشیكردەوە، پێویستە حكومەتی فیدڕاڵ و وڵاتانی كۆمەك بەخش و نەتەوەیەكگرتووەكان، یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن بۆ ئەوەی ئەركەكانمان بەرامبەر ئاوارەو پەنابەران جێبەجێ بكەین.
