شاندی ئیمراڵی سەردانی وەزیری داد و سەرۆکی پەرلەمانیانکرد
3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە چوارچێوەی گەڕی نوێی سەردان و کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، شاندی ئیمراڵی سەردانی هەریەک لە وەزیری دادی تورکیا و سەرۆکی پەرلەمانی کرد و لەدوای کۆبوونەوەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد کۆبوونەوەکانیان بەسوود بوون و باسیان لە زەمینەی یاسایی پرۆسەی ئاشتیی و ڕاپۆرتی هاوبەشی لیژنە پەرلەمانییەکە کردووە.
شاندی ئیمراڵی کە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری پارتی دەم، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتووە، ڕۆژی هەینی 12ـی 12، دەستی بە گەڕێکی نوێی سەردانی پارتە سیاسییەکان کرد کە ئامانج لێی، بەهێزکردنی سازانی سیاسی و دەستخستنی پشتیوانیی جەماوەرییە بۆ پرۆسەی ئاشتی کە ئەنقەرە بە تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات.
لە پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، ئاماژەیان بەوەکرد، باسی پرسە یاساییە هەنووکەییەکانیان کردووە و پێشنیازی خۆیان لەوبارەیەوە خستووەتەڕوو. ئاشکراشیان کرد، وەزارەتی داد لەئامادەکارییەکی چڕدایە لەبارەی ڕێکار و هەمواری یاسایی پەیوەست بە پرۆسەکە.
دواتر شاندەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان گەیشتە باڵەخانەی پەرلەمان و دوای کۆبوونەوەشیان پەروین بوڵدان ڕایگەیاند: "بیروڕامان لەبارەی کارەکانیلیژنە پەرلەمانییە و ئەو ڕاپۆرتەی دەینووسێت ئاڵوگۆڕکردووە و چاوەڕواندەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا ڕاپۆرتەکە ئامادەببێت".
لەم گەڕە نوێیەی سەردانەکاندا، شاندی ئیمراڵی سەردانی هەریەک لە:
پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن (دەڤا)
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)
پارتی ئایندە، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)
پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)
پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە)
پارتی ڕەنج (ئەمەپ)یان کردووە.
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند، ڕەنگە لە کۆتایی سەردانەکانیاندا بۆ لای پارتە سیاسییەکان، دیدارێکیان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەبێت.
بوڵدان باسی ئەوەشیکرد، "لە کۆتایی سەرجەم دیدارەکاندا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان".
ئەم گەڕەی سەردانەکان، دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی 2ـی ئەم مانگەی شاندەکە دێت لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەر و دامەزرێنەری پەکەکە.
