کەجەکە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نامەیەك ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، نامەیەکی بۆ نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەولێر، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەیان، یەکێتی عەرەب و ڕێکخراوی نەمانی چەکە کیمیاییەکان (OPCW)نارد.

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلوولی 2021،  ڕۆنی سەردەم، لەسەر ناوی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە،نامەیەکی بۆ نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، فرانسە، کەنەدا، بەریتانیا، هۆڵەندا، ڕووسیا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە لە هەولێر و هەروەها نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا، ئانتۆنیۆ گوتەرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی وڵاتە عەرەبییەکان و پارتە سیاسییەکانی ناوچەکە نارد.

لە نامەکەدا بە درێژیی باسی تاوانەکانی شەڕ و کردەوە دژەمرۆییەکانی دەوڵەتی تورک کراوە و ڕەخنە لە بێ هەڵوێستیی لایەنە پەیوەندیدارەکان گیراوە.

کەجەکە داوای کرد، بێدەنگی لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بشکێندرێت و ئاگادارییدا، کە ئەو هێرشانە ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن، کەجەکە ڕاشیگەیاند ئەگەر ڕێگەچارەیەک نەدۆزرێتەوە لە داهاتوودا ئەنجامی مەترسیداری بۆ هەموو خەڵک هەیە.

کەجەکە سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لای بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیاوە ڕاکێشا و بانگەوزیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا ئەو چەکانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەدەغە کراون و بە ئاشکرا پێوەرەکانی پەیمانی OPCW پێشێل دەکەن؛ ڕابگرێت.

لە بەشێکی نامەکەدا هاتووە: پێشتر کاتێک وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو سوریا و عێراق چەکی کیمیاییان بەکارهێنا، بینیمان کە ڕێکخراوەکەتان، زۆرێک لە حکومەتەکان و ڕای گشتیی نێودەوڵەتیی لەزووترین کاتدا ناڕەزایەتییان نیشاندا، بەڵام بەداخەوە کاتێک بەشێوەی بەردەوام ئەو چەکانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە سووریا، عێراق و تورکیادا بەکار دێت، هیچ هەڵوێستێکتان نییە.”

لە نامەکەدا تیشک خراوەتە سەر بەکارهێنانی فۆسفۆری سپی لە ساڵی ٢٠١٩ لە شارۆچکەی سەرێکانی، کە بووەهۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی مەدەنی و وتراوە پاش ئەو هێرشە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تاوانەی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار نەکردووە و هیچ سزایەکی نەدا.

کەجەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو بێدەنگییە هاندەری دەوڵەتی تورک بووە تا لە ڕۆژی ٢٣ی نیسانی ئەمساڵەوە، چەکی کیمیایی لەدژی هەپەگە لە باشووری کوردستان بەکار بێنێت، لە نامەکەی کەجەکەدا هاتووە کە بۆ ماوەی پێنج مانگە هێرشی داگیرکەریی ئەنجام دەدرێت و لەو هێرشانەدا، بەشێوەی بەردەوام چەکی کیمیایی لەدژی تونێلەکانی بەرخۆدان و دەیان گوندی نزیکیان بەکاردێت.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە کەجەکە ناچارە بێدەنگیی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو ئەنجامی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا، لێکبداتەوە و وتراو،ە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە زۆر جار تاوانی شەڕ و تاوانی دژە مرۆیی کردووە، بەڵام دیسان وەکو وڵاتێکی ئاسایی و دیموکرات هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.

کەجەکە، ڕایگەیاندووە: بەڵگەیەکی زۆر سەبارەت بە تاوانەکانی تورکیا کۆ کراوەتەوە، کاتی ئەوە هاتووە کە بەشێوەی ئاشکرا شەرمەزار بکرێت و بەرپرسانی دەوڵەتیش دادگایی بکرێن.

لە کۆتایی نامەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکەدا هاتووە: ئێمە ئاگادارین کە ئێوە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نزیکەوە چاودێریی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە و کاریگەریی هێرشە داگیرکارییەکانی لەسەر خەڵکی مەدەنیی دەکەن، چاوەڕوان دەکەین هەوڵەکانتان لەپێناو ڕاوەستاندنی ئەو هێرشانە زۆرتر بکرێت و بەکارهێنانی ئەو چەکانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەرمەزار بکەن، ئەو هەنگاوانەتانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک دەکات، متمانەی خەڵک بە ڕێکخراوەکەتان زۆرتر دەکات و کاریگەریی پەیمانە نێودەوڵەتییەکانیش زۆرتر دەکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار