بافڵ تاڵەبانی بۆ ئاسایشی سلێمانی: چاودێریکردنی ژیانی خەڵک هێڵی سورە و جێگەی قبوڵ نییە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند:" چاودێریکردنی ژیانی خەڵک، کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سوورە و جێگەی قبووڵ نییە".
هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە، دەڵێت:"چاودێریکردنی ژیانی خەڵک، کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سوورە و جێگەی قبووڵ نییە."
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە کە بە یاوەریی چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی ھەرێمی کوردستان سەردانی دکتۆر خەسرەو گوڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کردووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئەمنی، هاوئاهەنگی و ھاوکاریی زیاتری نێوان دەزگا ئەمنییەکان کرا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە زیان لە سەقامگیری ناوچەکە بدات.
دکتۆر خەسرەو گوڵ، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پلان و ستراتیژی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستانی بۆ پاراستنی ئارامیی ھەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان خستووەتەڕوو، ئاشکرایکردووە کە "لەماوەی رابردوودا دوور لەچاوی میدیا دەیان شانەی نووستووی تیرۆریستانی داعش ئاشکرا و دەستگیرکراون و راپێچی دادگا کراون."
بافڵ تاڵەبانی باسی لەوە کردووە، "لای یەکێتی ئاسایش و ژیان و کاروکاسبی خەڵک هێڵی سوورە و نابێت بەهیچ شێوەیەک لەبەرامبەر تاوانکاران و پێشێلکارانی یاسا لێبووردە بن و دەبێت رادەستی یاسا بکرێن، ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانتان دەبین."
هاوسەرۆکی یەکێتی باسی گۆڕانکارییەکانی نێو حیزبەکەی لەدوای رووداوەکانی 8ـی تەممووز کردووە، راگەیێندراوەکە دەڵێت، جەختی لە "گۆڕانکاری و چاکسازییەکانی ناوخۆی یەکێتی کردەوە و رایگەیاند، لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاربهێنرێن و تێکەڵ بە کێشە کەسیی و سیاسییەکان بکرێن. چاودێریکردنی ژیانی خەڵک، کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سوورە و جێگەی قبووڵ نییە."
بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانیش، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە کە "دەبێت بەبڕیاڕی دادوەر و لەژێر رێنمایی بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەركەكانتان ئەنجام بدەن. ئەرکی ئێوە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیە. دەبێت کەشێکی لەبار و ژیانێکی ئارام بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان فەراهەم بکەن و هەست بەپارێزراوی بکەن."
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، بە هاوئاهەنگیی ھێزەکانی پێشمەرگە، دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆ بەردەوام لە ئەرکداین و ئەرکی ئێمەیە پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بکەین و سەروماڵی خەڵک پارێزراو بێت. بۆیە لەبەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاش چاوپۆشی لەکەس ناکرێت و رێگە بەهیچ کەسێکیش نادرێت ناوی ئاسایش بۆ بەرژەوەندی شەخسی و مەرامی تایبەت بەکاربهێنێت."
