ئەمریکا 170 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی هەسەدە خەرجدەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند:" نزیکەی 170 ملیۆن دۆلارمان بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات تەرخانکردووە".
شاندێكی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنەکە لە واشنتن دی سی، پایتەختی ئەمریکایە و لەگەڵ چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات کۆبوونەتەوە و تاوتوێی بڕە پارەی تەرخانکراو لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایان کردووە، کە نزیکەی 170 ملیۆن دۆلارە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نزیکەی 170 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات تەرخانکردووە، هاوکارییەکانیش پەرەدان بە توانا سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک دەگرێتەوە، کە بەوتەی پێنتاگۆن دەبنە هۆی سەقامگیری درێژخایەنی ناوچەکە.
بڕە پارەی تەرخانکراو بەشێكە لە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ ساڵی 2022 کە چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ لە کۆنگرێس پەسند بکرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەندامانی مەسەدە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا، شاندی مەسەدە پێویستی بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتیان خستووەتەڕوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و شانە نووستووەکانی، هەروەها ئاڵنگارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە لە کەمپی هۆلی تایبەت بە خێزان و منداڵانی چەکدارانی داعش هەیە.
لە ئەیلوولی 2014 و لە کاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر کۆبانێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە یارمەتیدانی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد.
لەو کاتەدا باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا باسی لەوە کرد: "روونە لەم کاتەدا ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو شەڕەیە کە لە پارێزگای ئەنبار هەیە و زۆریش نیگەرانین لەبارەی بارودۆخی ناو شارۆچکەی کۆبانێ و دەوروبەری. ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڕەشەی داعش لە عێراق و سووریا و بۆردوومانی هێزەکانی هاوپەیمانیش لە هەردوو ناوچەدا بەردەوامە."
دوای شەڕی کۆبانێ یارمەتییەکان بۆ هێزە کوردییەکان و دواتریش بۆ هەسەدە کە کورد پێکهێنەرێکی گەورەیەتی بەردەوام بوو. ئێستاش ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هێزی سەربازیی هەیە و یارمەتیی ئەو هێزەش دەدات.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکهێنەری سەرەکییەتی، لە 10ی ئۆکتۆبەری 2015 لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە، جگە لە کورد، عەرەب و کریستیان و تورکمانیش لە نێو هێزەکەدان.
