بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەك لە بەشداربوانی کۆنگرەی (ئاشتی و گێڕانەوە) دەرکرد

سەرپەرشتیارى کۆنگرەکەى هەولێر رونكردنەوە دەدات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

سەرپەرشتیاری كۆنگرەكەی هەولێر داوای لێبوردنی كرد و ڕایگەیاند:"بەیاننامەیەكم خوێندنەوە نەمزانی باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی تێدایە لەگەڵ ئیسرائیل".

ویسام حەردان، سەرپەرشتیاری كۆنگرەكەی هەولێر تەنیا بە نوسینێکى کورت رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو داوای لێبوردنی كرد و ڕایگەیاند"بەیاننامەیەكم خوێندنەوە نەمزانی باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی تێدایە لەگەڵ ئیسرائیل".

هاوكات ئەمرۆ یەک شەممە بەشداربووانی کۆنگرەکەی ھەولێر کە داوای ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکانى عێراق و ئسیرائیلیان کردبوو فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند:"فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ لە بەشداربووانی کۆنگرەی (ئاشتی و گێڕانەوە) دەرکرد، کە رۆژی هەینی لە شاری هەولێر کرابوو و تێیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل کرابوو.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، کۆنگرەیەک بە بەشداری نزیکەى 300 کەسایەتی عەشایەری سونە و شیعەی عێراق لە شارى هەولێر کۆنگرەیەکیان بەناونیشانى "کۆنگرەی ئاشتی و چاکبوونەوە"ئەنجامدا، بەڵام لە راگەیەنراوی کۆتایی کۆنگرەکەدا ئەو کەسایەتیانە داوای ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا وەک ژمارەیەک وڵاتی دیکەى عەرەبی کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردوەتەوە.

ئەم کۆنگرەیە کاردانەوەى ناوخۆیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو سەرۆکایەتى کۆمارو ئەنجومەنى وەزیران و لایەنە شیعەکان هاتنە دەنگ و داواى روونکردنەوەیان کرد.بەیاننامەى ئەو کۆنگرەیە سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلیشى هێنایە سەر خەت و نەفتالی بینیت سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە رایگەیاند"کۆنگرەیەکی شیعەو سوونەکان داوای ئاشتى دەکەن و دانیان بەو زوڵمەدا ناوە کە لە جووەکانى عێراق کراوە، ئێمە لەبەرامبەر ئەمەدا دەستى ئاشتى درێژ دەکەین بۆ ئەو کەسانە".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار