ئەمریکا: شەڕی ئەفغانستانمان دۆڕاند
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سوپاسالاری هێزەکانی ئەمریکا دانی بەوەنا ئەمریکا شەڕی ئەفغانستانی "دۆڕاند" کە 20 ساڵی خایاند و زەرەر و زیانی یەک تریلیۆن دۆلاری لە وڵاتەکە دا.
ئەمڕۆ پێنجشهممه 30ی ئهیلوولی 2021، مارک مایڵی، سوپاسالاری هێزەکانی ئەمریکا لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دانی بە شکستی ئەمریکا نا لە شەڕی ئەفغانستان و هۆکارەکەشی بۆ دەرکردنی چەندین بڕیاری جیاواز لە ماوەی چوار ئیدارەی پێشووی ئەمریکا گەڕاندەوە.
مایڵی بە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند: "ئەم شەڕەمان لە 20 رۆژ یاخود 20 مانگ نەدۆڕاندووە، شەڕەکە پەیوەندی بە بڕیارە ستراتیژییەکانی رابردوو هەبووە کە بەردەوام گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و ئەم دۆخەی ئێستای ئەفغانستانی خوڵقاندووە".
فەرماندە باڵاکەی ئەمریکا شێوازی کشانەوە خوێناوییەکەی ئەمریکای لە ئەفغانستان کە بە کوژرانی 13 هێزی مارینزی ئەمریکی و زیاتر لە 100 ئەفغانی کۆتایی پێهات، بە هۆکاری زیاتر فراوانبوونی درزی ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێوان پارتە سیاسییەکانی نێوخۆی ئەمریکا گەڕاندەوەو کە سەرەکیترینیان هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتن.
مایڵی وتی بەمدواییانە سەرنج و بایەخی گەورەی ئەمریکا لە ئەفغانستانەوە گۆڕا بۆ عێراق. گلەیی ئەوەی لە ئیدارە یەک بەدوای یەکەکانی ئەمریکا کرد کە کاریگەرانە مامەڵەیان لەگەڵ پاکستان نەکردووە، کە بە وتەی مایڵی بە درێژایی شەڕی ئەمریکا لە ناوچەکە وەکو پەناگەیەکی سەلامەت لەلایەن گرووپە چەکدارییەکان بەکارهاتووە.
مارک باس لە شەڕی ئەفغانستان دەکات و دەڵێت: "لەو شەڕەدا کە کۆتاییەکەی ئەمە نەبوو کە ئێمە دەمانویست، لەڕووی پێکانی ئامانجە ستراتیژییەکانمان بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان لە هەڕەشەکانی قاعیدە دۆڕاندنمان."
لە کۆتایی قسەکانیدا مارک مەیڵی جەختدەکاتەوە دەبێت ئەمریکا لە شکستی لەمجۆرەدا، کە قوربانی و زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە، وانەی زۆر فێربووبێت.
ئەمریکا لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر لە 2001 هێرشی کردە سەر قاعیدە لە ئەفغانستان، دوای 20 ساڵ لە شەڕی قاعیدەو تاڵیبان و کوژرانی 1882 ئەمریکی و زەرەر و زیانی زیاتر لە ملیارێک دۆلار، سەربازەکانی کشاندەوە و چەکدارانی تاڵیبانیش لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەستیان بەسەر تەواوی خاکی ئەفغانستاندا گرت.
