تاڵیبان پێڵاوی پاژنەبەرز و جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ و بۆن لەخۆدان لە ژنان قەدەغەدەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
تاڵیبان پێڵاوی پاژنەبەرز و جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ و بۆنلەخۆدان لە ژنان قەدەغەدەكات، لەكاتیكدا پێشتریش چەند بڕیارێكی بۆ پیاوان و سەرتاشخانەكان دەركردبوو.
یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی بزووتنەوەی تاڵیبان لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی كەناڵی "طلوع"ی ئەفغانی رایگەیاندووە: "نابێت ژنان پێڵاوی پاژنەبەرز لەپێبكەن بەهۆی ئەوەی كە بە رێگادا دەڕۆن دەنگ دەردەكات و هەست و ویستی گەنجان دەوروژێنێت".
ئەمە جگە لەوەی دووپاتیكردووەتەوە، "پۆشینی جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ لەلایەن ژنانەوە رێگەپێدراو نیە و ناشبێت كە هاتنە دەرەوە بۆنیان لەخۆیان دابێت".
پێشتریش محەمەد ئەشرەف، راوێژكاری تاڵیبان لە زانكۆی كابول رایگەیاندبوو، "ئیسلامی راستەقینە رێگە بەهاتن و رۆیشتنی ژنان نادات بۆ زانكۆ، یان كاركردن".
لە چەند رۆژی رابردووشدا تاڵیبان چەند بڕیارێكی بۆ سەرتاشخانەكان و شێوازی ریشتاشینی پیاوان دەركردبوو، لەسەرتاشخانەكانی پیاواندا رێگەی لە گوێگرتن لە میوزیك و گۆرانی گرت، شێوازەكانی ریشتاشینیشی بۆ پیاوان دیاریكرد و رێككدرنەوەی ریشی لەلایەن پیاوانەوە قەدەغەكرد.
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ترسیان لە رێكارەكانی تاڵیبان هەیە و چەندجارێكیش هۆشدارییانداوە كە دەبێت بزووتنەوەكە رێز لەمافی مرۆڤ بگرێت، بەپێچەوانەوە دان بە بزووتنەوەكە و حكومەتەكەیدا نانێن.
