نۆ كاندیدی كورد لەلایەن كۆمسیۆنەوە سزا دەدرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا 61 كاندیدی لایەنە سیاسییەکان و كاندیدی سەربەخۆیان بەهۆی سەرپێچیکردنی رێنوێنییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن سزاداوە، 9 لەو كاندیدانە كاندیدی لایەنە کوردستانییەکانن".

​ئەمڕۆ یەکشه‌ممه‌ 3ی تشرینی یەکەم 2021،  کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە چەند نووسراوێکی فەرمیدا کە لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوی کردوونەتەوە رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 61 كاندیدیی لایەنە سیاسییەکان و كاندیدی سەربەخۆمان بەهۆی سەرپێچیکردنی رێنوێنییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن ژمارە 5ی ساڵی 2020 سزاداوە، سزاکەش بریتییە لە پێبژاردنی یەک ملیۆن دینار بۆ هەر بەربژێرێک".

بەگوێرەی نووسراوەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، كاندیدانی سزادراوی لایەنە کوردستانییەکان بریتین لە، 4 كاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، 3كاندیدی هاوپەیمانی کوردستان، 1كاندیدی کۆمەڵی دادگەری، 1 كاندیدی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ سزادانی 11 كاندیدیی سەربەخۆ لە پارێزگاکانی عێراق کە هیچکامیان لە هەرێمی کوردستان نین، هەروەها 41 لەو كاندیدانە سزادراوانە بەربژێری لایەنە سیاسییە عێراقییەکانن.

دیارترینی لایەنە عێراقییەکان کە كاندیدانیان سزادراون بریتین لە، کوتلەی سەدری سەر بە رەوتی سەدر، هاوپەیمانی فەتح کە باڵی سیاسی گرووپەکانی حەشدی شەعبییە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، بابلیوون کە سەر بە گرووپێکی چەکداری کریستیانە لە نێو حەشدی شەعبی، تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. لەگەڵ عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوەکو ئێستا بەهۆی سەرپێچییەوە 6 كاندیدی لەم هەڵبژاردنە دوورخستووەتەوە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 دەنگدەرە، لە کاتێکدا زیاتر لە 3 هەزار و 240 کەس لەو هەڵبژاردنە خۆیان بەربژێر کردووە بۆ بردنەوەی 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار