راوێژکارێکی کازمی: هەڵبژاردنی ئەمجارە بێگەرد و قەبوڵکراو دەبێت
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هیچ بوارێک بۆ ساختەکاریکردن و دەستکاریکردنی دەنگی دەنگدەران نەهێڵراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 9ی تشرینی یهكهمی 2021حسێن هنداوی راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئێندپێندێنتی عەرەبی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، کەرۆژی دەنگدانی گشتییە، دەبێتە رۆژێکی زۆر باش و مێژوویی.
وتیشی، "پێشبینیمان وایە، هەڵبژاردنی ئەمجارە بەگوێرەی هەموو پێوەر و پێودانگەکان بێگەرد و قەبوڵکراوبێت لەسەر هەردوو ئاستی نیشتیمانی و نێودەڵەتی".
حسێن هنداوی ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت ئەم هەڵبژاردنە بە هەلێکی مێژوویی دەزانێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی گۆڕانکاریی دروست.
لەبارەی ئەگەری روودانی ساختەکارییەوە، حسێن هنداوی راوێژکاری کازمی باسی لەوەشکرد، حکومەت و کۆمسیۆن هەموو هەوڵێکی خۆیانداوە تا هیچ بوارێک بۆ ساختەکاری و دەستکاریکردنی دەنگی دەنگدەران نەهێڵرێتەوە. هەربۆیە واشدەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت بڕیاریداوە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ساختەکاریدا دەکات.
راوێژکارەکەی کازمی ئاشکراشی کرد، گرتنەبەری میکانیزمەکانی دابەشکردنی بازنەکانی دەنگدان و خۆکاندیدکردنی کەسی و سەربەخۆ، سەرکەوتنی کاندید لە رێگەی یەکدەنگەوە و رێگەنەدان بەگۆڕانی دەنگەکە بۆ کەسێکی دیکە، پشتبەستن بە سیستمی بایۆمەتری و ئامادەبوونی چاودێرانی بیانی و نیشتیمانی و پێداگری میللەت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف هۆکارن بۆ نەهێشتنی هیچ بوارێک بۆ ساختەکاری.
لەبارەی تەواوی ئامادەکارییەکانەوە، حسێن هنداوی ئاماژەی بەوەدا، کۆمسیۆن رایگەیاندووە تەواوی ئامادەکاریی کردووە بۆ بەڕێووەچوون و سەرخستنی هەڵبژاردنەکە، شانبەشانی ئەوانیش حکومەت تەواوی پشتیوانی خۆی دەربڕیوە و بەردەوام لەسەر خەتە بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە.
دوێنێ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
بڕیاریشه یهكشهممهی سبەینێ 10ی تشرینی یهكهمی 2021، دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و بهپێی ئامارهكان نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
