سۆسیالیست لەچەند بازنەیەك دەنگەكانی خۆی بۆ پارتی یەكلادەكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

حزبى سۆسیالیست لەچەند بازنەیەك كاندیدەكانی خۆی كشاونه‌ته‌وه‌، ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیستیش ئه‌و زانیاریانه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت:"لەچەند بازنەیەك دەنگ بەكاندیدەكانی پارتی ده‌ده‌ین".به‌ڵام محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ته‌واوى ئه‌و زانیاریانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێت:"هیچ كاندیدێكمان نه‌كشاوه‌ته‌وه‌".

بەپێی ڕاگه‌یه‌نراوێكى ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ئه‌وان ڕایانگه‌یاند، بڕیاریانداوه‌ لەچەند بازنەیەك‌و "لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی دەنگ بەكاندیدەكانی پارتی بده‌ن".

کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 7ى 10ى 2021 ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست لەشاری هەولێر کۆبۆوە، ئه‌وه‌ى زانراوه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باسیان له‌وه‌كردوه‌، ئه‌وان چۆن بتوانن ده‌نگبده‌ن به‌کەسانی چالاک‌و نیشتمانپەروەر "تاوه‌كو له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ پارێزگاری لەپێگەی هەرێم‌و بەرگری لەماف‌و دواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بكه‌ن".

وه‌كو سه‌ركردایه‌تى سۆسیالیست له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى پێكردوه‌، "ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاریدا لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی‌و یەکخستنی هەوڵ‌و دەنگەکان لەژمارەیەک لەبازنەکانی هەرسێ پارێزگای سلێمانی‌و هەولێرو دهۆک‌و بازنەکانی شارەزورو هەڵەبجە، پشتیوانیی لەکاندیدەکانی پارتی دیموكراتی کوردستان بکرێت".

وه‌كو سه‌ركردایه‌تى سۆسیالیست ئاماژه‌ى پێكردوه‌، بەپێی بڕیاری ئەنجومەن لەبازنەکانی (3)ی سلێمانی‌و (1)ی هەولێرو تەواوی پارێزگای کەرکوک‌و خانەقین‌و موسڵ کار بۆ سەرخستنی کاندیدانی حزبه‌كه‌یان خۆیان بكه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌شدا محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سكرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان له‌ڕێگه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و زانیاریانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت:"‎ئەو دەنگۆیانە دورن له‌ڕاستیەوەو هیچ کاندیدێكى سۆسیالیستیش نه‌کشاوەتەوە".

لەهەمانكاتدا  محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود سكرتێرى حزبى سۆسیالیست  رایگەیاند: "ئه‌وانه‌ قسەی ناحەزانی سۆسیالیستە، گوایە کاندیدەکانی سۆسیالیست  پاشەکشە دەکەن‌و خۆیان کاندید ناکەن، بەپێچەوانەوە تەواوی کاندیدانی سۆسیالیست لەتەواوی بازنەکان‌و پارێزگاکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی دەنگی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان‌و کۆڵنەدان لەلای کاندیدانی سۆسیالیست مەحاڵە".

وه‌كو سكرتێرى حزبى سۆسیالیست باسیكردوه‌، "ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ تەنها بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەرانی سۆسیالیستە کە نەچن بۆ دەنگدان، بۆیە داوا لەخەڵکی کوردستان‌و تەواوی ئەندام‌و لایەنگرو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان‌و کەمئەندامان دەکەم دەستبخەنەسەر ویژدانی زیندوی خۆیان‌و لەڕۆژی  10ى 10 هەموتان بچن بەرەو سندوقەکانی دەنگدان‌و دەنگی خۆتان دوبارە بدەنەوە بەکاندیدانی حزبی شەهیدان حزبی سۆسیالیست".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار