داوای بە سزاگەیاندنی بكوژانی شەهید نەقیب محەمەد دەكرێت
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
كەسوكار و هاورێ و كەسە ناسراوەكانی نەقیب محەمەد لەتیف داوای بە سزا گەیاندنی تاوانبارەكان دەكەن، كە لە ئێستادا شوێنیان نادیارە.
شەوی 4 لەسەر 5ی ئەم مانگە نەقیب محەمەد لەتیف بەدەنگ تەلەفونی هاواری ژنێكەوە دەچێت كە داوای كردووە فریای بكەون و ئەویش لەگەڵ چەند پۆلیسێكدا دەچێت بەدەم داواكارییەكەوە.
نەقیب محەمەد لەگەڵ مەفرەزەیەكی پۆلیس كە پێكهاتووە لەدوو پۆلیس و شۆفێرەكە لەنوسینگەی رۆژهەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لەلایەن داواكراوێكەوە هێرشیان كرایەسەر و لەئەنجامدا نەقیب محەمەد لەتیف شەهید دەكرێت و دوو پۆلیس بریندار دەكرێن.
نەقیب محەمەد خێزاندارەو باوكی كچێكە و مانگێكی دیكە خێزانەكەی منداڵی دووەمی دەبێت.
خەسرەو سایە، خاڵی نەقیب محەمەد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»
خوشكەزاكەم بەردەوام بەدوای كێشەكانی ژنانەوە دەڕۆیشت و دەیویست تادەتوانێت چارەسەری كێشە خێزانیەكان بكات و تاوانبار بەسزا بگەیەنێت».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە تائێستا بە سەدەها كێشەی ژنان و خێزانی و كۆمەڵایەتی چارەسەر كردووەو نموونەی ئەو حاڵەتانەش لەم دوو رۆژی پرسەیەیدا بەڵگەبوون كە چەندەها خێزان بەچاوی پڕ گریانەوە لەگەڵیان بەشداربوون و گێڕاویانەتەوە كە چۆن نەقیب محەمەد هاوكاریان بووە بۆ رێككەوتنەوە و دڵسۆزانە كاری كردووە.
خەسرەو سایە باسی لەوەشكرد كە تائێستا سەرقاڵی پرسەن، لە رۆژانی داهاتوودا دەبێت بزانن بەرپرسان پلانیان چییە بۆ تاوانبارانی كوشتنی كوڕەكەیان.
خاڵی نەقیب محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە پێیان گەیشتووە كە تاوانبارەكان چوونەتە ئێران و «هەڵاتوون».
« نەقیب محەمەد تاكە كەیس نیە لەم شێوەیەو رۆژانە لەم كۆمەڵگەیەدا كەخەڵك لەژێر سایەی حكومەت و دەسەڵاتێكدا دەژی كە هیچ وەڵامێكی پێنیە بۆ داخوازی و پێداویستیەكانی ژیانی خەڵك، ناتوانێت ئەمنیەتی نەك كۆمەڵگە بەڵكو كارمەندەكانی خۆشی بپارێزێت»، خاڵی نەقیب محەمەد وای وت.
مقەدەم هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەوەی جێگەی پرسیارە لێرەدا چۆن كەسێك بۆ كەیسێكی ئاوا بچووك تاوانێكی وا گەورە ئەنجام دەدات، چونكە لەزۆربەی حاڵەتەكانیاندا دادوەر چەند رۆژێك كەسەكە تەوقیف دەكات و دواتر ئازاد دەكرێت.
مقەدەم هیوا كەریم وتیشی:» خاوی ئەم جۆرە كەیسانە دەگەڕێتەوە بۆ كاری دادوەرەكان كە تەنیا لەهەفتەیەكدا سێ رۆژ ئەم كەیسانە رادەپەرێنن لەكاتێكدا رۆژانە ئەم كەیسانە دێنە لامان و ژمارەیان زۆر زۆرە».
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو ئیجرائاتێك كراوەو بەپێی یاسا هەموو رێكارەكان گیراوەتەبەر بۆ دەستگیركردنی تاوانبارەكان، بەڵام لەكاتێكدا تاوانبار نادیار بوو، ئێمە شەوو رۆژمان كردۆتەسەر یەك و بەردەوامین لەگەڕان و لەكەسوكاریان زیاتر حەزدەكەین دەستگیربكرێن».
ناوبراو وتیشی:» ئەو ماڵە كوڕێك و دایك و باوكێكی تێدا بووەو فەرمانی گرتن بۆ هەرسێكیان دەرچووە لەلایەن دادوەرەوە».
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی جەختی لەوەكردەوە زانیارییان نیە چووبنە ئێران و وتی:» هەندێك ئیجرائات هەیە وا ئاسان نیەو ناتوانرێت بیڵێیت فەرموو ئەو كەسەم بۆ دەستگیربكە، بەڵكو وردەكاری دەوێت دەبێت بەپلانی وردەكاری یاساو داتاو زانیاری بێت».
