هەواڵگریی عێراق: هیچ پەیامێکیان لەبارەی هێرشی ئیسرائیلەوە بەدەست نەگەیشتووە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە باس لەوە دەکەن بەغدا دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی کۆمکاری عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا پێگەیشتووە.
دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-12-2025، رایگەیاند: "رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە رێکەوتی 20ی کانوونی یەکەمی 2025، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە حکومەتی عێراق دوو نامەی ئاگادارکردنەوەی لە وڵاتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە لەبارەی نزیکبوونەوەی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر عێراق پێگەیشتووە."
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق نێوەڕۆکی رۆژنامە سعودییەکەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت: "حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی لەو شێوەیەی پێنەگەیشتووە." داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات "وردبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە هەیە."
دوێنێ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، "له دوو هەفتەی رابردوودا حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان دوو پەیامی هۆشداریی نائاساییان له دەوڵەتێکی عەرەبی و دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاواییەوه بەدەست گەیشتووە، كە زانیاریی جیدییان لەخۆگرتووە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وەشاندنی گورزی سەربازی فراوان لە عێراق."
بە گوێرەی راپۆرتەکە بەرپرسێکی عێراقی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "وڵاتێکی دۆست بەغدای لە ناوەرۆكی ئەو هەڕەشەیە ئاگادار کردووەتەوە، پێش ئەوەی میلیشیا شعییەكان سازش بكەن و بڕیاری دانانی چەك بدەن."
رۆژنامەكە نووسیویەتی: "هێرشەکان دامودەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە گرووپە شیعەکان و حەشدی شەعبی دەکردە ئامانج، هەروەها ئەو کەسایەتیانەی کە هەژموونی دارایی و سەربازییان هەیە، هەروەها شوێن و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک و کەمپەکانی مەشقکردن، واش لێكدەدرێتەوە كە ئەم دوو پەیامە راگەیاندنی دانانی چەكی ئەو گرووپانەی خێراتر کردبێت."
سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە: "دوای گەیشتنی پەیامە عەرەبیەكە، بەرپرسانی حکومی دۆسییەكی زەبەلاحیان لە دەزگایەکی هەواڵگریی رۆژئاواوە پێگەیشتووە کە لیستێكی ئامادەکراو بووە لەلایەن دەزگایەكی ئەمنی ئیسرائیلی و زانیاریی فراوان و وردی لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تێدابووە ، بەجۆرێك قەبارە و وردی و گشتگیری زانیارییەکان بەرپرسانی عێراقی سەرسام کردووە."
