جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی تورکیا دۆخی ئەمنی هەرێم تاوتوێدەكەن
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هاکان کاراچای، کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر کرد دۆخی ئەمنی هەرێم تاوتوێ کرا.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا جەعفەر شێخ مستەفا تیشکی خستووەتە سەر هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و هاووڵاتیان، هەروەها بۆ كۆتاییهێنان بە مەترسییەكانی "تیرۆر" و سەقامگیریی ناوچەكە، پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان و بەردەوامیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپا و پێشمەرگەی بە پێویست زانیوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هاکان کاراچای بەردەوامی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردووەتەوە و باسی لە گرنگی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی عێراق بۆ ناوچەکە كرد و لەو بارەیەوە جەختی لە هاوكارییان لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا كردووەتەوە.
