تۆڕى 19: داوایەكی یاسایی 54 پزیشك دەباتە بەردەم دادگا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



تۆڕی هاوپەیمانی 19 نیگەرانە لە داوایەكی یاسایی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دژ بە 54 پزیشكی دەرچووی دەرەوە وڵات، داوا دەكات لەبری پەنابردن بۆ یاسا پەنا بۆ گفتوگۆی بابەتییانە قایلكردنی هاوڵاتیان ببرێت، وەڵامدانەوەی داخوازییە رەواكانی هاوڵاتیان رێگا راستەكەیە.

ئالان جەلال، بە تۆڕی19ی راگەیاند:داوا یاساییەكە پەیوەندی بە كۆبونەوەی رۆژی یەكشەممە، 20ی تەمووزە هەیە ، كە پاش تەواو بوونی كۆبوونەوەی نێوان وەزیری تەندروستی و پزیشكانی دانەمەزراو، لەناو پرسگەی وەزیر، دەمەقاڵێ و پشێوی لە نێوان چەند پزیشكێكی دانەمەزراو و كارمەندانی ئۆفیسی وەزیر دروست بوو، هێرش كرایە سەر ژمارەیەك پزیشك و چەند پزیشكێك بریندار بوون، ووتی " ئێستا هەر 54 پزیشكەكە داوای یاساییمان لەسەر تۆماكراوە"

ئەم پزیشكانە نوێنەری 54 دەرچوون كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان خوێندنیان تەواو كردووە، چەندین جار لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی چالاكییان ئەنجامداوە بۆ دامەزراندن، بەڵام وەڵامێكی قایلكەریان دەستنەكەوتووە.

لەبارەی ئەو روداوە 20 تەمووز 2025 د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە لێدوانێكی رەسمیدا ووتی" ژمارەیەك گەنج بۆ داواكاری دامەزراندن سەردانی وەزارەتی تەندروستییان كرد، دوای پێشوازیكردن و چاوپێكەوتن و ڕێزگرتن و گوێگرتن لە داواكاریەكانیان، بەداخەوە لە پرسگە بووەتە دەمەقاڵێیان لەگەڵ چەند كارمەندێك، پاشان پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەیان داوە، بۆ ئەم مەبەستە ڕێككاری یاسایی بەرانبەر بەو كەسانە گیراوەتەبەر كە بوونەتە هۆی پشێوی. بەپێی ڕێككارەكانی لێكۆڵینەوە، مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت و پێویستە هەموو لایەك ڕێز لە شكۆی دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان بگرێت".

ئەو كات تۆڕی هاوپەیمانی 19 بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی بەرانبەر بە پزیشكانی دانەمەزراو لەناو دیوانی وەزارەتی تەندروستی ئیدانە كرد ، داوای كرد رێوشوێنی یاسایی و ئیداری بەرانبەر ئەو كارمەندانە بگیرێت كە بەشەق و بۆكس وەڵامی داواكاری رەوای پزیشكانیان داوەتەوە.

لە بری ئەوە وەزیری تەندروستی داوای یاسایی دژ بە 54 پزیشك تۆمار كردووە و لە نوسراوێكدا كە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ناردووە ئەو رووداوەی بە " نانەوەی ئاژاوەو راگرتنی ئیش و كاری هاوڵاتیان" وەسفكردوەو بۆ سەلماندنی داوا یاساییەكە وەزیر دەڵێت " چەندین بەڵگەو گرتەی ڤیدۆیی هەیە" و رەوانەی دادگای كردووە.

دەكرا وەزیری تەنروستی و ستافەكە سنگییان فراوان بوایە رەخنە و داخوازییەكانیان بەهەند وەربگرن، ئەو گەنجانەی كە ببۆ داوای هەلی یەكسان چووبونە ئۆفیسەكەی دەرگای گفتوگۆی بكردایەتەوە نەك پەنا بۆ دادگا بەرێت، كە دەكرێت خوێنەوە بۆ پەیامەكەی ئەوە بێت "بە هێزی یاسایی بێدەنگتان دەكەم "
تۆڕی هاوپەیمانی19 جەختدەكاتەوە : یاسا پێویستە بۆ پاراستنی كۆمەڵگا، بەڵام تاكە رێگا نییە كە كەسایەتی گشتی و بەرپرسان پەنای بۆ بەرن، گفتوگۆی بابەتییانە قایلكردنی هاوڵاتیان و وەڵامدانەوەی داخوازییە رەكانایان رێگا راستەكەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار