وەزیری كارەبا: لەكاتی ئێستادا 13 كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم دەڵێت:"لەكاتی ئێستادا بە تێكڕایی 13 كاتژمێر كارەبا دەدرێت و نەبوونی سوتەمەنی و گرفتی داراییش رێگرە لەبەردەم بەگەڕخستنی چەندین یەكەی وێستگەكانی بەرهەمهێنان".
ئەمڕۆ 14-12-2021، ئەندامانی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بۆ بەدواداچوونی دۆخی كارەبا سەردانی وەزارەتی كارەبایان كردو لەگەڵ كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا كۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبا، كەمال محەمەد ساڵح لەوەڵامی ئەو پرسیارانەی كە لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەی پەرلەمانەوە ئاراستەی كرابوو، رایگەیاند: ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم بە 13 وێستگەی بەرهەمهێنانەوە 6900 مێگاواتەو لەئێستادا، بڕی 3500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دێت، لەكاتێكداخواست لەسەر وزەی كارەبا بۆ شەش هەزار مێگاوات بەرزبووەتەوە.
وەزیری كارەبا هۆكارەكانی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی ئاشكراكردو وتی:" نەبوونی سوتەمەنی و گرفتی دارایی، رێگرە لەبەردەم بەگەڕخستنی چەندین یەكەی وێستگەكانی بەرهەمهێنان، هەربۆیە لەكاتی ئێستادا، بە تێكڕایی 13 كاتژمێر كارەبا دەدرێت، لەكاتێكدا لەماوەی ئەمساڵ بە تێكڕایی، 17 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان دراوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری كارەبای هەرێم، پلان و بەرنامەی وەزارەتەكەی و هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی كارەبا خستەڕوو، راشیگەیاند: تائێستا 18هەزار و 562 سەرپێچی لەسەر كارەبا لابراون و سەرپێچیكارانیش سزا دراون، هاوكات بەهۆی پێوەری زیرەكەوە، بە فیڕۆچوونی كارەبا لە %48 بۆ %34 كەمكراوەتەوە.
