عەلی حەمەساڵح: ئەم مانگە هیچ پارەیەك بۆ موچە تەرخاننەكراوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:"دەست بەسەر مووچەی مانگی 11 دا گیراوە و لە داهاتی ناوخۆش هیچ پارەیەک بۆ مووچە تەرخاننەکراوە." دەشڵێت "ئەگەر بێت و داهات نەگەڕێنرێتەوە خەزێنەی گشتی بە دڵنیاییەوە مووچەی مانگی داهاتووش دابەشناکرێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2021 عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی سستی و دواکەوتنی مووچەی ئەنجام دا و وتی "هیچ مەنتقێکی تێدا نییە ئێستا 15-12-2021ـە، بەڵام داهاتی هەولێر، سلێمانی و دهۆک نەگەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتی حکومەت. ئەوەی ئێستا بۆ دابەشکردنی مووچە دراوە 535 ملیار دینارە کە نزیکەی 515 ملیار دینار هی نەوتە."
عەلی حەمەساڵح دەشڵێت، لە رۆژی 24-2-2021دا "374 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ دراوەتە مووچە، مەعقوولە داهاتی مانگی 11 دوای 45 رۆژ کەمتر لە 20 ملیار دینار گەڕابێتەوە."
سەبارەت بە داهاتی سلێمانیش، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات "لە مانگی 2 داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ تەمویلی مووچە 161 ملیار دینار بووە، لە بڕیاربەدەستەکان دەپرسم ئێستا سفر درابێت بە مووچە، مەعقوولە ئەگەر سلێمانی بڵێ داهات نانێرم هەولێریش بڵێ ناینێرم؟"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی حەمەساڵح دەڵێت "هۆکاری دابەشنەکردنی مووچە ئەوەیە مانگی دووی ئەمساڵ 374 ملیار داهاتی ناوخۆ بووە بۆ تەمویلی مووچە، بەڵام ئێستا 15-12یە و تاوەکو ئێستاش داهاتی مانگی 11 نەگەڕاوەتەوە."
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی "رۆژی 3-11 وەزارەتی دارایی بە فەرمی نووسراوی کردووە کە ئیدارەی سلێمانی لە 161 ملیار دینار تەنیا 70 ملیار بدە بۆ دابەشکردنی مووچە بەڵام نەگەڕاوەتەوە، بە ئیدارەی هەولێر و دهۆک دەڵێت 90 ملیار بنێرە تەنیا نزیکەی 20 ملیار دینار گەڕاوەتەوە. ئەمە ئاماژەیەکی زۆر روونە کە دەستبەسەرداگرتنی داهاتە."
تاوەکو ئێستا 200 ملیارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، عەلی حەمەساڵح دەڵێ "نابێ هەمووشتێک ببەسترێتەوە بە 200 ملیار دینارەکەی بەغداوە، ئەگەر بێت و لە داهاتی ناوخۆ کە مانگی 2ی ئەمساڵ 374 ملیار بووە بگەڕێنرێتەوە و هەروەها لە بەرمیلێک نەوتیش 27 دۆلار بێتەوە مووچەی هەموو فەرمانبەران دابین دەکرێت."
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دابەشنەکراوە.
