ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات و هۆشداری دەداتە هەموو وڵاتان
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەی سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت "وریا بن و ئاگاتان لەخۆتان بێت لە هەر هەڵەیەک بەرامبەر ئێران بیکەن".هۆشداری دەداتە هەموو وڵاتان كە هیچ گورزێك بەرامبەر ئێران بەبێ وەڵام نامێنێتەوە.
ئیسرائیل بەردەوامە لە مانۆڕە سیاسییەکانی بۆ هاوڕاکردنی ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دژی ئێران لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان. هاوکات ئێرانیش بە مانۆڕی سەربازیی دەیەوێت هۆشداریی بداتە وڵاتانی رۆژئاوایی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی.
حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران وتی" مانۆڕەکان پەیامێكی روون و هەڕەشەیەکی جیددی و راستەقینەن دژی هەڕەشەکانی رژێمی زایۆنیستی (ئیسرائیل) کە پێیان بڵیین وریا بن و ئاگاتان لەخۆتان بێت لە هەر هەڵەیەک کە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامی بدەن".
فەرماندەی سوپای پاسداران هۆشداریی دایە ئیسرائیل دا وتیشی " ئەگەر ئەوان هەڵەیەک بکەن، دەستەکانیان دەبڕینەوە".
سەبارەت بە تاقیکردنەوەی مووشەکە بالیستییەکان، سەلامی وتی" تاکە جیاوازیی نێوان مانۆڕەکان و شەڕی راستەقینە، گۆڕینی گۆشەی هاویشتنی ئەو مووشەکانەیە".
