ئەمریكا بودجە بۆ ڕۆژئاڤا و پێشمەرگە دابین دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بودجەی ئەمریكا بۆ ساڵی 2022 پەسەندكراو و لە ناویدا بڕی 345 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە و 177 ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات و مغاویر ئەلسەورە دابینکراوە.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند:" جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا یاسای بودجەی ساڵانەی بەرگریی ئەمریکای ناسراو بە یاسای رێگەپێدانی خەرجییەکانی بەرگریی نیشتیمانی NDAA بۆ ساڵی 2022 واژۆکرد. بەپێی یاساکە مووچەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بەرزکراوەتەوە".
لە پرۆژە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا هاتووە کە "بەغدا مووچەی هێزی پێشمەرگە دابین ناکات، بۆیە پشکی شێری هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگەیە"، دهشڵێت كه هێزەکانی پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە روبەڕوبونەوەی داعش و پێکهاتەیەکی سەرەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیشە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە 363 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 70 دەنگی نەخێر یاساکەی پەسندکردبوو. دواتریش ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە 15ی مانگدا بە 89 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 10 دەنگی نەخێر یاساکەی تێپەڕاند.
خەرجییە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2022 بە بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 5٪ زیادکردووە. هاوکات بە رێژەی 2.7٪ مووچەی سەربازانی بەرزکردووەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا رێگە بە سوپا دەدات فڕۆکەی زیاتر و کەشتیی دەریایی زیاتر بکڕێت.

