ئێران: قەبارەی بازرگانی لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 9 ملیار دۆلارە لە سالێكدا
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند:" پێشبینی دەکەین تاکوو کۆتایی زستان هەناردەی ئێران لە 6 دەروازەی سنووریی پارێزگای سلێمانییەوە بگاتە 9 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە ماوەی یەک ساڵدا.
ئهمڕۆ سێشەممە 28ی كانوونی یهكهمی 2021، مەهدی شوشتەری، کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی، لەگەڵ بازرگانەکانی پارێزگای سنە کۆبووەوە و وتی: "حکومەت پلان و بەرنامەی باشی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراقدا هەیە".
بەپێی راپۆرتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق، لە 8 مانگی رابردوودا ئێران بڕی 6 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەلی هەناردەی عێراق کردووە.
سەرەڕای پەیوەندیی نزیکی ئێران لەگەڵ عێراق، بەڵام ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەراورد بە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا زۆر کەمە.
کەماڵ حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانی سنە، کۆتایی بەهاری ئەمساڵ گوتی: "پێشتر بازاڕی هەرێمی کوردستان بە دەست ئێرانەوە بووە، بەڵام تورکیا لێی وەرگرتووە، کە هۆکاری ئەمەش بۆ پشتیوانی حکومەتی تورکیا لە بازرگانەکانی و روانگەی ئابووری ئەنقەرە دەگەڕێتەوە".
حوسێنی هەروەها هەندێ هۆکاری دیکەی بۆ دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران باس کرد، لەوانە نزمی کوالێتی کاڵا و کەلوپەلە ئێرانییەکان، گەڕاندنەوەی کاڵا ئێرانییەکان و نەبوونی پلانێکی رێکوپێک بۆ هەناردە.
هاوینی ئەمساڵ ئێران بڕیاریدا ناوەندێکی بازرگانی بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بکاتەوە. بەڕێوەبردنی ئەم ناوەندەش بە پارێزگای کرماشان دراوە.

