پارێزگاری هەولێر: زیاتر لە شەش ملیار دینار بۆ قەرەبووی زیانلێكەوتوانی لافاوەکە كۆبووەتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند:"بڕی شەش ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ قەرەبووی زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی 17-12-2021 کۆکراوەتەوە". دەشڵێت:" 2ملیارەكەی حكومەتی عێراقمان رەتكردۆتەوە و هیوادارم جارێكی دیكە بە بریارەكەیاندا بچنەوە و هاوكاریمان بكەن".

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ ملیار دینار هاوکاریی سەرەتایی بە خەڵکە زیانلێكەوتووەکان گەیشتووە، وەکو نەوت و چەند کەلوپەلێکی ناو ماڵ کە ئەوانە وەکو قەرەبوو هەژمار ناکرێن و تەنیا هاوکاریی سەرتایین".

پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، هاوکارییە سەرەتاییەکان لەلایەن ناوەندی قەیرانەکان، کەمپەینی ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکان، دەزگای روانگە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە.

بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی پارێزگای هەولێر، قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە 20 بۆ 21 ملیار دینار بووە.

بە وتەی پارێزگاری هەولێر سێ هەزار و 276 فۆرم پڕکراوتەوە کە سێ جۆر زیانمەندبوونی تێدایە، بەشێکیان تەنیا کەلوپەلی ناوماڵ بووە، بەشێکیان دیوار و دەرگەی خانووەکانیان زیانی بەرکەوتووە، هەروەها 1026 ئۆتۆمبێلیش وەکو لە فۆرمەکان تۆمارکراون.

ئەمساڵ لە هەولێر دووجار لافاو دروستبوو کە لە رۆژانی 30-10 و 17-12 بوون، ئەمڕۆ پرۆسەی قەرەبووکردنەوە زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی رۆژی 30-10-2021 کۆتاییدێت.

پارێزگاری هەولێر لەو بارەوە رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکان لافاوەکەی یەکەم زیانی پێنج ملیار و 853 ملیۆن هەبووە، ئەو پارەشی بۆ قەرەبووی ئەو زیانلێکەتووانە کۆکراوەتەوە چوار ملیار و 460 ملیۆن دینار بووە و ئەوەی دیکەشی کە ملیارێک و 393 ملیۆن دینارە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.

لەبارەی ئەو خێزانانەی لە لافاوەکەی یەکەم زیانیان بەرکەوتووە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، 826 خێزان زیان بەر ماڵ و کەلوپەلەکانیان کەوتووە، هەروەها 314 ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە. 

بە وتەی پارێزگاری هەولێر بەشێکی زۆری ئەو پارەیەی کە کۆکراوەتەوە بەمشێوەیە بووە: سێ ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراق، 500 ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆکایەتیی دیوانی وەزارەت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی 220 ملیۆن دینار، شێخ باز 450 ملیۆن دینار، دەزگای خێرخوازیی نانەکەلی 100 ملیۆن دینار، گرووپی کۆمپانیاکانی جیهان 100 ملیۆن دینار.

رۆژی هەینی 17-12-2021، لافاو لە چەند گەڕەک و شارۆچکەیەکی هەولێر دروستبو کە بەهۆیەوە 12 کەس مردن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار