له‌باره‌ى هه‌ڵکوتانه سه‌ر گرتووخانه‌ى ته‌سفیراتى که‌رکوک راگه‌یه‌ندراوێک بڵاوده‌کرێته‌وه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق رایگه‌یاند، گروپێکى چوار که‌سییان ده‌ستگیرکردووه، که به‌نیازى هه‌ڵکوتانه سه‌ر باڵه‌خانه‌ى گرتووخانه‌ى ته‌سفیراتى که‌رکووک بوون.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 30ى کانونى یه‌که‌مى 2021، وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه که به کرده‌یه‌کى جۆرى و هه‌وڵێکى هه‌واڵگریى تایبه‌ت و به پشتبه‌ستن به زانیاریى ورد، تیمه‌کانى هه‌واڵگرى و ئاسایشى که‌رکووک توانیویانه ئه‌و گرووپه چوار که‌سییه ده‌ستگیر بکه‌ن.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه که" چوار تیرۆریسته‌که دانیان به‌وه‌دا ناوه، که چه‌ندینجار رووماڵیان کردووه و زانیاری‌یان له‌باره‌ى ژماره‌ى تاوه‌ره‌کانى پاسه‌وانى له باڵه‌خانه‌ى گرتووخانه‌ى ته‌سفیرات کۆکردووه‌ته‌وه".
هاوکات ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌روو "یه‌کێک له‌و چوار تیرۆریسته ناوى ئه‌و که‌سانه‌ى هاوکاریى هێزه ئه‌منییه‌کان ده‌که‌ن، به چه‌کدارانى داعش داوه، که‌سێکى دیکه‌شیان به‌ڵگه‌نامه‌ى ساخته‌ى بۆ ئه‌و چه‌کدارانه بردووه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هاتووچۆبکه‌ن و خۆیان له هێزه ئه‌منییه‌کان بدزنه‌وه له‌ناوچه‌ى ریاز،له رێگه‌ى ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌وه به ئۆتۆمبێلى دزراو چه‌ندین ئۆتۆمبێل خۆراکیان گواستووه‌ته‌وه".
وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق راشیگه‌یاندووه:" یه‌کێک له‌و چوار که‌سه‌ى ده‌ستگیرکراوه دانى به‌وه‌دا ناوه به‌شداریى له کرده‌وه‌یه‌کى تیرۆریستى کردووه، که هێزه ئه‌منییه‌کان و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کردووه‌ته ئامانج".

