بایدن و پوتن هەڕەشەی "بەتەواوەتی" پچڕانی پەیوەندی ڕوسیا و ئەمریکا لەیەکتری دەکەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جۆ بایدن و ڤلادمیر پووتین، بە تەلەفۆن قسەیان کرد و هەردوولا هەڕەشەی توند لەیەکتری دەکەن.
راوێژکاری کاروباری دەرەوەی پووتین دەڵێت کە جۆ بایدن هەڕەشەی سەپاندنی سزای لە رووسیا کردووە ئەگەر رووسیا ئۆکراینا داگیربکات. دەشڵێت پووتین هۆشداریداوە لە ئەگەری هەر رووداوێکی لەو شێوەیە "بەتەواوەتی" پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا دەپچڕێن.
یووری ئیشاکۆڤ، راوێژکاری پووتین رایگەیاند پووتین بە بایدنی راگەیاندووە: "ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دەبێتە هەڵەیەکی گەورە کە دەرهاوێشتەی خراپی دەبێت".
دەشڵێت پووتین هەروەها بە بایدنی راگەیاندووە، لە ئەگەری هەنگاوی لەو شێوەیەی ئەمریکا، رووسیا هەر ئەو شتە دەکات کە ئەمریکا دەیکرد، ئەگەر رووسیا چەکی قوڕسی لەسەر سنوورەکەی جێگیرکردبا.
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن هەردوو سەرۆکەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی چەند بوارێک هەن، کە تێیدا هەردوولا دەتوانن تا راددەیەکی باش بەرەوپێشەوەیان ببەن، بەڵام "چەند جیاوازییەکیش هەن، کە دەکرێت چارەسەرکردنیان مەحاڵ بێت".
جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند بایدن داوای لە رووسیا کردووە گرژییەکانی لەگەڵ ئۆکراینا هێوربکاتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تووندی وەڵامی رووسیا دەدەنەوە ئەگەر رووسیا بەنیاز بێت ئۆکراینا داگیربکات.
رووسیا جەختی لەوە کردووەتەوە پابەندیییەکی نووسراوی دەوێت کە دڵنیایی بدات، ئۆکراینا هەرگیز نابێتە ئەندامی ناتۆ و چەکی سەربازیی هاوپەیمانێتیەکە لە وڵاتانی سۆڤیەتی پێشووتردا جێگیرناکرێت، لای خۆشییەوە بایدن ئەم داوایانەی رەتکردووەتەوە.
بایدن بە پووتینی وتووە رێگەچارەی دیپلۆماسی بە رێگەیەکی کراوە دەمێنێتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا، رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە 100 هەزار سەربازی لەسەر سنووری ئۆکراینا کۆکردووەتەوە. بەرپرسانی کریملنیش داوای گەرەنتیی لە ئەمریکا و ناتۆ دەکەن.
هاوکات، بەرپرسانی کۆشکی سپی رایانگەیاند بایدن جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەگەر پووتین هەنگاوی سەربازی لە ئۆکراینادا بنێت، ئەمریکا ئامادەیە بە سەپاندنی سزای ئابووری "ئازارێکی قورس"ی رووسیا بدات؛ ئوشاکۆڤیش دەڵێت پووتین بە "تووندی" وەڵامی ئەمەی داوەتەوە.

