بەشیر حەداد: هیچ لایەنێک 100% لەگەڵ داخوازییەکانی کورد نییە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

بەشیر حەداد پێیوایە: "نزیکترین لایەن کە کورد بتوانێت قسەی لەگەڵ بکات و سوودی لێ وەربگرێت زیاتر لە لایەنەکانی دیکە، رەوتی سەدرە؛ هەر چەندە هیچ لایەنێک 100% لەگەڵ داخوازییەکانی کورد نییە، بۆیە رەوتی سەدر بەو مەرجەعییەتەی کە هەیەتی دەکرێت نزیکتر بێت بۆ ئێمە لە لایەنەکانی دیکە".

جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "هەڵوێستی رەوتی سەدر وەکو هەر لایەنێکی دیکەی عێراق ناتوانین بڵێین هەڵوێستێکی زۆر باش و بێ کەموکوڕی بووە، لە هەر قۆناخێک و جۆرە هەڵوێستێکیان هەبووە، جاری وا هەبووە تووند بوون، جاری واش هەبووە باش بوون، بەڵام بەگشتی هەڵوێستەکانیان باشتر و نەرمتر بوون بەرامبەر بە کورد لە لایەنەکانی دیکەی عێراق".

دژبەری بەشێکی گرووپە چەکدارەکان و لایەنە سیاسییە شیعییەکان لە عێراق لەگەڵ رەوتی سەدر، زیاتر پاڵ بە رەوتەکەوە دەنێت هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان بدات، ئەو هەوڵانەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیان پێکرد، چ بە سەردانی شاندی لایەنە کوردستانییەکان بێت بۆ لای رەوتی سەدر یان سەردانی شاندی رەوتی سەدر بۆ هەولێر.

رەوتی سەدر گەورەترین براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی عێراقە و خاوەنی 74 کورسیی پەرلەمانە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت رۆڵێکی زۆر کاریگەر لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و لە پرۆسەی سیاسیدا بەگشتی بگێڕێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار