وەزارەتی پێشمەرگە: ژمارەیەک مۆڵگە و حەشارگە و چەک و تەقەمەنی داعش دەستی بەسەرا گیرا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت:' ڕێزگرتن و پابەندبوون بە بەھا باڵاکانەوە ساڵ لە دوای ساڵ لاوازتر دەبن".
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق بەیانی ئەمڕۆ هەینی ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری ژمارەیەک گوندی نزیک قەزای کفری لە گەرمیان دەستپێکرد، وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، "دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک مۆڵگە، حەشارگە، چەک و تەقەمەنی داعش، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش بەردەوام دەبێت".
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 31-12-2021 بڵاوی کردەوە رایگەیاندووە، " ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لە سنووری میحوەری دووی قەرەتەپە و ئاسایشی گەرمیان و کفری بۆ پشکنین و گەڕان بە دوای چەکدارانی داعش، چەک و تەقەمەنی، مین و بۆمبە چێنراوەکانیان لە سنووری گەرمیان دەستیپێکرد."
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنەکەی لیوای 17ـی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوبەشی یەکە سەربازییەکان، لە سنووری میحوەری دووی قەرەتەپە و ئاسایشی گەرمیان، کفری و لیوای 144ـی و تیمەکانی هەندەسەی پشتیوانی دوو، هاوشان لە دیوی سوپای عێراقیدا لیوای 52 و لیوای سێی بەرپەرچدانەوەی خێرا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و بەرهەمداریان ئەنجامدا."
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، هێزەکانی عێراقی لە دیوی دوزخورماتوو، لە گوندی موئەدەوە سەرکەوتن بەسەر چیای غەڕە و هێزەکانی پێشمەرگه لە قۆری چا لە دوو میحوەرەوە دەستیان پێکرد کە لە میحوەری یەکەم بەرەو پەلکانەی خواروو، پەلکانەی سالم، پەلکانەی سەرچنار و لە میحوەری دووەمیش بەسەر چیای غەڕەدا لە گوندەکانی غەڕە و قۆری چای توانییان دەست بگرن بەسەر ژمارەیەک مۆڵگەو حەشارگەی مانەوە و چەک و تەقەمەنی داعش".
وەزارەتی پێشمەرگە باس لە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەگەڵ سوپای عێراق دەکاتەوە و دەڵێت، بڕیارە تاوەکو پاککردنەوەی تەواوەتی ئەو ناوچانە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام بێت.

