دەمیرتاش: هیوا بۆ "ساڵێکی بێ ئاکپارتی" دەخوازم

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانەوە پەیامی سەری ساڵی نوێی زایینی بڵاوکردەوە و هیوای "ساڵێکی بێ ئاکپارتی" خواست. باشاک دەمیرتاش دەڵێت:" هیوادارم ئەمساڵ کۆتایی بە بارمتەبوونی سیاسییان بهێندرێت، ساڵێکی پڕ خۆشی و شادی بۆ هەمووان دەخوازم."
ئەمڕۆ شەممە 1ی كانوونی دووەمی 2022، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێ بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی، "درێژە بە قسەکردن نادەم، ساڵێکی بێ ستەم، بێ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، بێ تاڵانی و بێ ئاکپارتی دەخوازم."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەڵاحەددین دەمیرتاشـدا هاتووە، "بەبێ ستەم، قۆرخکاری کاڵا و ئاکپارتی، ساڵێکی باش دەبێت دەی کەواتە ساڵێکی باشتان بۆ دەخوازم."
دەمیرتاش، لە کۆتایی تویتەکەیدا بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکیش پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی کردووە و نووسیویەتی، "سەرساڵا وە پیرۆز بە - سەرسەرێیێ شما بیمبارەک بۆ."
هاوکات، باشاک دەمیرتاش، هاوژینی دەمیرتاش بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە سەردانی هاوژینەکەی کرد و وەک خۆی رایگەیاندووە، بۆ نیو کاتژمێر پێکەوەبوون و وێنەیەکی نوێیشی لەگەڵی بڵاوکردەوە.
باشاک دەمیرتاش لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، "هیوادارم ساڵی نوێ ببێتە ساڵێکی پڕ لە ئازادی و دادپەروەری بۆ هەموو کەسێک، سەڵاحەدین و هاوڕێکانی پێنج ساڵ و مانگێک و 27 رۆژە بارمتەی سیاسین و لە زینداندان، هیوادارم ئەمساڵ کۆتایی بە بارمتەبوونی سیاسییان بهێندرێت، ساڵێکی پڕ خۆشی و شادی بۆ هەمووان دەخوازم."
باشاک دەمیرتاش لە کۆتایی تویتەکەیدا نووسیویەتی، "ئەم وێنەیەش بۆ یادگارییە، دوای دوو ساڵ توانیمان بۆ نیو کاتژمێر پێکەوە دیدارێکی کراوە ئەنجام بدەین."

