رۆژئاوای كوردستان لەیەك كاتدا گەمارۆی توركیا و حكومەتی هەرێمی لەسەرە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەھۆی داخستنی دەروازەی سێمالكا بەڕووی ڕۆژئاوای كوردستاندا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ھەر كیلۆیەك مادەی خۆراكی و سەوزە و میوە 500 تا هەزار لیرەی سوری زیادیكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە توركیاش دەروازەكانی بەڕووی ڕۆژئاوای كوردستاندا داخستووە و ناو بەناو بۆمبارانی شار و گوندەكانیشی دەكات.

بەھۆی بەردەوامی داخستنی دەروازەی سێمالكای نێوان باشور و رۆژئاوای كوردستان، نرخی خۆراك و سەوزە و میوە و بەشێك لە كەلوپەلەكان بەرزبووەتەوە، ھەر كیلۆیەك مادەی خۆراكی و سەوزە و میوە 500 تا هەزار لیرەی سوری زیادیكردووە.

هەر بەهۆی داخستنی ئەو دەروازەیەوە، نرخی شەكر جگە لەوەی زیادیكردووە ماوەی ھەفتەیەكە دەستناكەوێت و لە رێگەی دەروازەی مەنبەجەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان هاوردە دەكرێت، جگە لە ماددەخۆراكییەكان نرخی ئاسن و چیمەنتۆش لە رۆژئاڤای كوردستان بەرزبووەتەوە.

دەروازەی سێمالكا لە ساڵی 2013ەوە لەنێوان باشور و رۆژئاوای كوردستان كراوەتەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی 12ی ساڵی رابردووە بەهۆی ئاڵۆزی نێوان لایەنگرانی پەكەكە و هێزە ئەمنیەكانی پارتی لەدیوی پێشخابوور بەبڕیاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم داخرا.

رۆژانە نزیكەی چوار هەزار كەس لەدەروازی سنووری سێمالكا، كە لەدیوی هەرێمی كوردستان دەروازی پێشخابووری پێدەوترێت هاتووچۆ دەكەن، هەندێكیان هاوڵاتیانن بۆ سەردان دەچنە رۆژئاوا یاخود بەپێچەوانەوە دێنە هەرێمی كوردستان، هەندێكیشیان هاوڵاتی وڵاتانی دیكەن و لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەچنە سوریا و رۆژئاوای كوردستان. بەشێك لەوانەی لەڕێگەی هەرێمەوە دەچنە سوریا ئەوانەن كە مافی مانەوەی وڵاتانی ئەوروپایان هەیە و لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەچنە ڕۆژئاوای كوردستان و سەر لەكەسوكاریان دەدەن.

جیا لەوەش هاوكاری مرۆیی و سەربازی لەڕێگەی ئەو دەروازەیەوە دەچێتە رۆژئاوای كوردستان، بەتایبەت لەلایەن ئەمریكیەكانەوە، هەروەها ماددەی خۆراكی و پزیشكی لەهەرێمی كوردستانەوە دەچێتە ئەو بەشەی كوردستان، داخستنی ئەو دەروازەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوكاتە لەگەڵ گرتنەوەی ئاو و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، كە بەهۆی هەردوو گەمارۆی توركیا و حكومەتی هەرێم خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لەدۆخێكی سەختدا دەژین و خۆراك نرخی بەرزبووەتەوەو پێداویستی پزیشكیش كەمیكردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار