یەکێتی: رێکخستنەوەی پهیکهرى حزبهکهمان لە مەکتەب و ئۆرگانەکان بهردهوامه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند:" پڕۆسەی رێکخستنەوەی پەیکەری یەکێتی لە مەکتەب و ئۆرگانەکان بەردەوامە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوا بۆ پتەوکردن و پوختەکردنی ریزەکانی حزبەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە 03-01-2022 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەکەدا "جەخت کرایەوە کە پرۆسەی رێکخستنەوەی پەیکەری یەکێتی لە مەکتەب و ئۆرگانەکان بەردەوامە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوا بۆ پتەوکردن و پوختەکردنی ریزەکانی یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال و کۆششکردن بۆ گەنجکردنەوەی حیزب لە رێگەی نوێکردنەوەی بەشداری چۆنایەتی ژنان و لاوان لە ئۆرگان و رێکخراوەکانی یەکێتیدا".
بەپێی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە لەبارەی رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ بووە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان لە بەرامبەر پێشهاتەکانی عێراق یەکبخرێت، "بۆ ئەوەی پرۆژەی کوردستانی ئەرکەکانی لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەکانی حکومەتی نوێ جێبەجێ بکات. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنە هاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێکەوەیی لە بەغدا یەکلایی بکەنەوە".
لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە کۆبوونەوەکە لە کەرکووک بەڕێوەچوو، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیێنێت، مەبەست لە کۆبوونەوە لە کەرکووک بایەخدان بووە بە ژیان و ئارامی خەڵکی ناوچە داڕێنراوەکانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کە لە شەڕی داعش قوربانییەکی زۆریان داوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "پێویستە حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات.. چونکە تەنیا بە حکومەتێکی لەو شێوەیە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەپەرژێتە سەر ئەرکە نیشتمانییەکانی بەرەنگاری تیرۆر و تایفەگەری و راستکردنەوەی باری ئەمنی و سیاسی بە تایبەتی بۆشایی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی کە پێویستی بە هەماهەنگی کارا هەیە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق".
بەشێکی دیکەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە لەبارەی کاروباری ناوخۆی یەکێتی و چاکسازی و گەشەپێدان و هەڵوێستی حزبی بوو.

