مۆلیدە ئەهلیەكانی هەولێر و وەزارەتی كارەبا پێچەوانەی یەكتر لێدوان دەدەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەكاتێكدا دوێنێ وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند لە 2021 دا زیاتر لە 16 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانییان داوە بە هاوڵاتیان، سەرۆكی لێژنەی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر دەڵێت مانگی رابردوو 11 كاتژمێر كارەبایان داوە. بەو پێیە لە 24 كاتژمێردا زیاتر لە 27 كاتژمێر كارەبا دراوەتە هاوڵاتیان
قارەمان مەولوود، سەرۆكی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر، بەمیدیاكانی پارتی راگەیاند:"هۆكاری زۆریی كرێی ئەمپێری موەلیدەكان، زۆریی كاتژمێرەكانی كارەبایە كە موەلیدە ئەهلییەكان دابینیان كردووە، ئەویش 329 كاتژمێر بووە لە مانگەكەدا و بەتێكڕا رۆژانە نزیكەی 11 كاتژمێر كارەبا دراوە. وتیشی: جگە لەوەش نرخی گازوایل كە لە 590 دینارەوە بۆ 600 دینار زیادیكردووە، بۆیە بەپێی جیاوازی ناوچەكان نرخی ئەمپێرێك كارەبا لە 10 هەزار دینارەوە تاوەكو 16 هەزار دینار بووە".
سەبارەت بە مانگی تشرینی دووەمی 2021 سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەكان وتی:" لە مانگی 11 بڕی ئەو كارەبایەی موەلیدە ئەهلییەكان دابینیان كردووە 248 كاتژمێر بووە، كە رۆژانە هەشت كاتژمێر كارەبا دابینكراوە و نرخی لیترێك گازوایل 590 دینار بووە، هەروەها نرخی كرێی ئەمپێرێك كارەبا لەنێوان هەشت بۆ 12 هەزار دینار بووە".
رۆژی دووشەممە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبای لەهەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردبوو، ساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی 2021 بەرهەمهێنانی كارەبا بە رێژەی 26% بەرز بووەتەوە، بەمەش كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر لە 22% زیاد بووە، هەروەها داهاتی كارەبا زیاتر لە 185% زیادی كردووە.
وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەشدابوو، لەساڵی 2021 دا زیاتر لە 16 كاتژمێر كارەبایان بە هاوڵاتیان داوە. وتەی وەزارەتی كارەبا و سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەكانی هەولێر پێچەوانەی یەكترە و ئەگەر كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە ئەهلیەكان هەژمار بكرێت زیاتر لە 24 كاتژمێر دەكات.

